چۆن رێگری لێدەكەیت؟
ئەو هەڵسوكەوتانەی پێست و رووخسار پیردەكەن

بە گەنجی مانەوە و بوونی پێستێكی روون خەونی هەموو مرۆڤێك و بەتایبەتیش خانمانە. بۆ ئەوەی ببیتە خاوەن ئەو خەونە لەم شەش هەڵسوكەوتە رۆژانەیە دووربكەوەرەوە كە دەبنەهۆی تەمەن گەورە دەركەوتن و خێراپیربوونت.

كێ لە ئێمە نایەوێت پێست و رووخساری بە جوانی و رەونەقداری بمێنێتەوە! بۆ ئەوەش هەندێك كەس بڕێكی زۆری پارە و هەوڵ دەخەنەگەڕ، كرێم و دەرمانە جۆراوجۆرەكان بەكاردەهێنن، لەكاتێكدا تەرككردنی هەندێك هەڵسوكەوتی خراپ بەسە بۆ وەستاندنی پیریی روخسار. ئەوانیش بەپێی گۆڤاری (فۆگ) بریتین لە:

خەوتن لەسەر هەمان لا
خەوتن لەسەر لایەكی جەستە بەشێوەیەكی بەردەوام فشاردەخاتەسەر دەموچاو و پێست، چاڵ و چۆڵییەكانی سەر رووخسار بەو هۆیەوە قوڵ و دیاردەبن.

چارەسەر: باشترین چارەسەر خەوتنە لەسەر پشت. پشتیی تایبەت هەیە كە لە خەوتن لەسەر پشت راتدەهێنێت، ئەوانەی ناتوانن لەسەر پشتیان بخەون، دەتوانن پشتیی تایبەت بۆ خەوتن لەسەر لاكان بەكاربهێنن.

هەناسەدان بە دەم
هەناسەدان بە دەم باش نییە بۆ تەندروستیت، زیان بە رێڕەوی هەناسە، چەناگە و روو دەگەیەنێت و، دەبێتەهۆی شل و شێواویی پێست.

چارەسەر: خۆت رابهێنە لەسەر هەناسەدان بە لوت و داخستنی دەمت. مێشكت وردە وردە بە هەناسەدان بە دەمی داخراوەوە رابهێنە. لكێنەرێك لە دەمت بدە بۆ ئەوەی رابێیت لەسەری.

زیادەڕەویی لە دەربڕین بە دەموچاو
دەربڕینی دەمووچاو پێویستە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزمان، بەڵام زیادەڕەویی لە دەربڕینەكانی توڕەیی و بێتاقەتی، چاڵی جێگیر لەسەر رووخسار دروستدەكات كە بە ئاسانی لاناچێت.

چارەسەر: زەردەخەنە چارەسەرە، چونكە هێڵەكانی زەردەخەنە گەورە تەمەن دەرتناخات، لە توڕەیی و نیگەرانییەكانت كەمبكەرەوە.

نەشۆردنی دەموچاو پێش نووستن
هەندێك لە ئەستێرەكان سوورن لەسەر نەشۆردنی دەموچاویان لە بەیانیاندا بۆ دووركەوتنە لە نەهێشتنی شێداریی پێستی رووخساریان، بەڵام خاوەن پێستە وشك و هەستیارەكان پێویستە پاش لەخەوهەستان دەموچاویان بشۆن. هەروەها پێویستە دەموچاو بەر لە نووستن بشۆردرێت بۆ رزگاركردنی پێست لە پەڵە و چەوری و تازەكردنەوەی پێست لە شەودا.

چارەسەر: شۆردنی دەموچاو پاش رۆژێكی درێژ و دژوار پێویستە بۆ رزگاربوون لە پیسی و پاشماوەی ماكیاژ.

جوین بە تەنها لایەك
جوینی خواردن بە تەنها لایەكی شەویلگە ماسولكەكانی لایەك لەسەر حسابی لایەكی دیكە بەهێز دەكات، ئەمەش ناهاوسەنگی لە دەموچاودا دروستدەكات كە هۆكارە بۆ بەگەورە دەركەوتنت.

چارەسەر: بە هۆشیارییەوە جوینی خواردنەكانت با بە هەردوولا بێت. هەروەها هەر پار و یان كەوچكێك 30 جار لە دەمتدا بجو تا جەستەت بەباشی بتوانێت هەرسیبكات، كە وادەكات گەدەت ئەركی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات.

سەیركردنی مۆبایل و سەردانەواندن
رەنگە دەستەواژەی “گەردنی تەكنەلۆجی”ت بیستبێت، دیاردەیەكە بەهۆی سەیركردنی مۆبایلەوە بۆ ماوەیەكی درێژ و سەردانەوان روودەدات. ئەو كارە دەبێتەهۆی شێواندنی جەستە و تێكچوونی ماسولكە و پێستی گەردن و دەموچاو.

چارەسەر: پێویستە سەرت بەرزبكەیتەوە و لە دۆخێكی وەستان یان دانیشتنی گونجاودا بیت، باشتریشە ناوبەناو واز بە مۆبایلەكەت بهێنیت.

لە كۆتاییشدا گۆڤارەكە باس لە پێویستی چەوركردنی ناوچە دیارەكانی دەموچاو و جەستە دەكات بە كرێمی دژە تیشكی خۆر لە سەرجەم وەرزەكانی ساڵ و لە سەرجەم بارودۆخەكاندا، نەك تەنها لە كات و بۆنەی كەم و دیاریكراودا.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی زیندانییان کرایەوە

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سوودەكانی سیری ڕەش بزانە

ڕۆژانە بەشێكمان سیری سپی لە ژەمەكانی خواردندا بەكاردەهێنین و دڵنیاین بۆ تەندروستی بەسوودە، بەڵام سیری ڕەش سوودی زیاترە…
Total
0
Share