ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردن لە یاسای بیمەی تەندروستی خستەڕوو، ئەمەش نیازی حکومەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە پشتڕاستکردەوە.
وەزیری تەندروستی، ساڵح ئەلحەسناوی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەبارەت بە خستنەڕووی فۆرمی بیمەی تەندروستی ڕایگەیاند، “لەماوەی ئەمساڵدا 300 هەزار هاوڵاتی لە یاسای بیمەی تەندروستیدا ناویان تۆمار دەکرێن”، ئاماژەی بەوەشکرد، “بیمەی تەندروستی” هەموو تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لە ئەستۆ دەگرێت”.
ئەلحەسناوی ڕوونیشیکردەوە، “لە ساڵی 2023دا بیمەی تەندروستی بەشێوەی ئەزموونی جێبەجێ دەکرێت”.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا کە “فەرمانبەر بە رێژەی 1%ی مووچەی مانگانەی خۆی بەشداری لە یاسای بیمەی تەندروستیدا دەبێت”.