لەسەر راسپاردەی بافل جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای قەرەداغ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی چاندنی یەک ملیۆن نەمام دەستیانپێکرد.
لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چێوەی پرۆژەی ئاشتکردنەوەی سلێمانی و سەوزکردنی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرباری پشوو لەقەزای قەرەداغ چەندین تیم و گروپی شارەزاو پسپۆڕ دەستیان بە ئامادەکارییەکان کرد و کارەکانی لێدانی چاڵ و گرادۆنییان دەستیپێکرد و رووپێوی تەواویان کرد بۆ رووبەری ئەو زەوییە دارستانییەی کە نەمامیان تێدا دەچێنرێت.
سەربەست سەروەر لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی قەرەداغ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بە سوود وەرگرتن لە دەستی کار و گەنجانی بێکاری سنووری قەرەداغ و شارەزایان و پسپۆڕانی دارستان و پاوانی سلێمانی و هۆبەکەمان، لەمڕۆوە دەستمانکردووە بە ئامادەکارییەکان تا قۆناغی سێیەمی پرۆژەکە بگەیەنرێتە سنوورەکە”.
هاوکات سوپاسی سەرۆک بافڵی کرد بۆ هەوڵەکانی بۆ سەوزکردن و بەرفراوانکردنی رووبەری دارستانەکان و پشتیوانیکردنی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی لەم ئەرکە گرنگەدا.