حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە بەرهەمی گۆشتی مریشكدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانە بەرهەمی زیادە دەنێرێتە بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە،
لە كابینەی نۆیەم، پڕۆژەكانی پەلەوەر بەرێژەی 20% بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و 840 پڕۆژەی پەلەوەری، لە كاتێكدا توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ 30 ملیۆن و 286 هەزار و 229 جوجكە (وەجبە) كە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی 42% بەرزبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە گۆشتی مریشك، 147 هەزار تۆنە لە ساڵێكدا، بەڵام پێشتر بەهۆی نەبوونی بڕیاری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتیی پڕۆژەكان و قەدەغەی بەرهەمی هاوردە نەدەتوانرا پێویستیی ناوخۆیی پڕبكرێتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكانی پەلەوەر زیادیانكردووە و رێژەی بەرهەمیشیان بووەتە 240 هەزار تۆن لە ساڵێكدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە 93 هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت و لەوێ بە بازاڕ دەكرێن.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، پێشتر هەزار و 864 پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی كوردستان هەبوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، گرنگییەكی زۆر بەو كەرتە دراوە و توانراوە تا ئاستی خۆبژێوی پەرەیپێبدرێت، بە جۆرێك ژمارەی پڕۆژەكان بەرزكراونەتەوە بۆ دوو هەزار و 261 پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیادبووە و بەمەش دەتوانرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبكەنەوە.