دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كەیسی “تاوانی جەنگ”ی بەریتانیای لە عێراق داخست

داواكاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەو كەیسەی نەخستە دادگاوە كە سەربازانی بەریتانیا بە تاوانی جەنگ لە عێراق تۆمەتبار دەكات، هۆكارەكەی بۆ هۆكاری “هونەری” گەڕاندووەتەوە.

فاتو بەنسودا، داواكاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، دۆسییەی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەلایەن سەربازانی بەریتانیاوە لە عێراق داخستووە، هەرچەندە بەڵگەی پێویست لە بەردەست بوون.

ئەو بڕیارەش لە ڕاگەیەندراوێكدا لەلایەن داواكاری گشتییەوە دوێنێ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، ئەوەش پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دێت لەو تاوانانەی سەربازانی بەریتانیا لە عێراق ئەنجامیان داون.

لەبارەی هۆكاری داخستنی ئەو كەیسە، فاتو بەنسودا ئاشكرایكردووە، بڕیاریداوە بە بەرزنەكردنەوەی كەیسەكە بۆ دادگا بەهۆی هەندێك هۆكاری “هونەری”یەوە.

هەرچەندە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڵگەكان بەردەستن لەبارەی ئەنجامدانی “ژمارەیەك لە تاوانی جەنگ لە كوشتن و ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە و دەستدرێژیی سێكسی دژ بە زیندانیانی عێراقی” لەلایەن سەربازانی بەریتانیاوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا و هەندێك لە گەورە كاربەدەستان ڕێگرییان كردووە لەوەی لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە بكرێت.

ڕەخنەشی گرتووە لەوەی كە دەسەڵاتە سەربازی و دادوەرییەكانی بەریتانیا نەیانتوانیووە لێكۆڵینەوەیەكی كارا و ڕاست بكەن دژ بەو سەربازانەی بەرپرس بوون لەو تاوانانە، ئەوەشی وتووە، “ئەوا 10 سال تێپەڕیوە هیچ سەربازێك لەسەر ئەوەی ئەنجامیان داوە سزا نەدراون”.

بابەتی پێشتر

قەدەغەی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە درێژکرایەوە

بابەتی دواتر

ئێران دامەزراوەیەكی سەرەكیی ئەتۆمی دەگوازێتەوە بۆ ژێر زەوی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share