وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، ئەو ژنەی دوێنێ چوارشەممە لە گوندێکی نزیک ناحیەی شوان لە سەربانی ماڵەکەی خۆیان کوژرا، هاوسەری پێشووی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لەسەر دۆسیەی ئەو ژنەی دوێنێ چوارشەممە لە گوندی سمایل بەگی نزیک ناحیەی شوان لە سەربانی ماڵەکەیان کوژرا، دادوەر هاوسەری پێشووی و هاوسەری ئێستای راگرتووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەوە یەکلابووەتەوە رووداوەکە تیرۆرستی نەبووە و بە مەبەستی دزیکردنیش نەبووە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ژنەکە کێشەی لەگەڵ هاوسەری پێشووی هەبووە، بۆیە تا ئێستا گومانی زۆر بۆ ئەوە دەچێت رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووبێت”.
ئاشکراشیکرد، “ئەو کەسانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە سێ کەس بوون و دەموچاویان پێچاوە، لەبەرئەوە تا ئێستا نەتوانراوە رووخساریان بناسرێتەوە”.
دوێنێ چوارشەممە لەگوندی سمایل بەگی سەر بە ناحیەی شوان چەند کەسێکی نەناسراو هەڵیان کوتایە سەر ماڵێک، پیاوەکەیان بەستووەتەوە و ژنەکەیان کوشت.