كۆمەڵەی كرێنشینان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2011ەوە سێ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون تەواوبوون و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە نەتوانراوە دابەشبكرێن.
بەرهەم سەردار، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سیتەك و زرگوێز سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەن و ژمارەیان لەسەر ئاستی هەرێم زیاتر لە 9 هەزار یەكەیە.
لەو ژمارەیە 1500 یەكەیان لە سیتەك و زرگوێز و 1560 یەكەیان لە كەڵەوانان-ە، وەك ئەوەی بەرهەم سەردار ئاماژەی پێدا و وتی، “ئەم پڕۆژانە 100%یان تەواو بووە، بەڵام خزمەتگوزارییەكانیان 50% تەواو بووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەكان لە ساڵی 2011ەوە لە كۆمپانیای جێبەجێكار وەرگیراون، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە نەتوانراوە دابەشبكرێن.
سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان روونیكردەوە، تەواوكردنی خزمەتگوزاری لە ناوچەكانی كەڵەوانان، سیتەك و زڕگوێز پێویستی بە نزیكەی 80 ملیار دینارە، كە بڕێكی زۆر زۆر كەمە بۆ حكومەتی هەرێم و بە تەواوبوونی كرێنشینان سوودمەنددەبن.