ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پەیامێكی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان بڵاوكردەوە

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ 9ی كانونی یەكەم بڵاویكردووەتەوە، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند دەكات ڕێكبكەون لەپێناو دەستەبەركردنی مافی هاوڵاتییان، داواش لە لایەنەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات بە لێپرسراوێتییەوە مامەڵە بكەن.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەكات هه‌وڵه‌كانی چڕتربكاتە‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ پێناو دابینكردنی موچه ‌و شایسته‌ داراییه‌كانی موچه‌خۆران و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆ هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.

لە پەیامەكەیدا دەستەكە داواش له ‌سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كات، به‌ هه‌ستیاری و هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن و هه‌موو لایه‌ك هاوكاربن له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه ‌و گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی هه‌رێمی كوردستان، هەروەها پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی دوور له‌ خیتابی توندڕه‌وی و هاندان و له‌پێناو زیاتر ئاڵۆزنه‌كردنی دۆخه‌كه‌.

 

دەقی پەیامەكە:-

په‌یامێك له‌ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ هه‌ندێ شار و شارۆچكه‌كان .

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان خۆپشاندان به‌ڕێوه‌چوو له‌لایه‌ن چین و تووێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران، كه‌ داوای موچه‌كانیان و باشتركردنی ژیانیان ده‌كردو سه‌ره‌تا خۆپیشاندانه‌كان به‌هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان گۆڕاو گرژی تێكه‌وت و كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ندان باره‌گا و بینای حكومی و شوێنی گشتی سوتێنران، لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین :

1- ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و به‌نده‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، خۆپیشاندان وه‌ك مافێكی ئاسایی و یاسایی هاوڵاتیان ده‌بینێ له‌پێناو دابینكردنی داواكاریه‌كان و ئامانجێكی دیاریكراو له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه‌كان و دوور له‌ توندوتیژی و ئاژاوه‌گێڕی و دوور له‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵ و موڵكی تایبه‌ت و گشتی و له‌هه‌مان كاتدا پاراستنی هاوڵاتییانی خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیسی چالاكیه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌و سۆنگه‌وه‌ پاڵپشتی له‌ هه‌موو چالاكییه‌كی مه‌ده‌نی و یاسایی ده‌كه‌ین كه‌ ئامانج لێی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی هاوڵاتییان بێت له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی و دابینكردنی موچه ‌و شایسته‌ داراییه‌كان و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا.

2- داوا ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ پێناو دابینكردنی موچه ‌و شایسته‌ داراییه‌كانی موچه‌خۆران و ڕه‌خساندنی هه‌لی كارو بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆ هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییش ئه‌ركی ده‌ستوری خۆی جێبه‌جێ بكات له‌ دابینكردن و ناردنی به‌شه‌ بودجه ‌و موچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له ‌مافی هاوڵاتیان به‌ پێی ده‌ستوری عێڕاق.

3- داواش له ‌سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین به‌ هه‌ستیاری و هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن و هه‌موولایه‌ك هاوكاربن له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه ‌و گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی دوور له‌ خیتابی توندڕه‌وی و هاندان و له‌پێناو زیاتر ئاڵۆزنه‌كردنی دۆخه‌كه‌.

4- ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ یه‌كه‌م ساتی خۆپیشاندانه‌كان چاودێری بارودۆخه‌كه‌ی كردووه ‌و نوسینگه‌كانی ده‌سته‌مان ڕاسپێردراون بۆ به‌دواداچون و چاودێریكردنی خۆپیشاندانه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژی پێنجه‌شمه‌ 10ی دیسێمبری 2020 به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و بارودۆخه‌ و چه‌ند پرسێكی تره‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ساز ده‌كات له‌ دیوانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كاتژمێر (12،30) و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بۆ ڕای گشتی.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

بابەتی پێشتر

میتیلاند 1-1 لیڤەرپوڵ

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مەدرید بە پلەی یەکەم گەیشتە 16 و ئینتەر ماڵئاواییکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share