چیمەنەكان زەرد بوون و مەترسی لەسەر نەمامەكان هەیە.. ئاودانی باخچە و بلوارەكانی سلێمانی دوادەكەوێت

بەشێك لە بلواری شەقامەكانی سلێمانی

زیاتر لە مانگ و نیوێكە بڕیاردراوە پارە بۆ ئاودانی باخچە و بلوارەكانی سلێمانی خەرجبكرێت، بەڵام تەنها هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی لەسەر خەرجكردنی پارەی پڕۆژەكە گەیشتووە، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی پێشبینی دەكات ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو دەست بە ئاودانەكە بكرێت، بۆ وشكنەبوونی دارەكانیش وەك خۆی دەڵێت، “پارەمان سواڵكردووە”.

ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بۆ ئاودانی بلواری شەقامی شەست مەتری سلێمانی و شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجە، هەفتەی ڕابردوو تەندەرمان ڕاگەیاندووە”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 1ی حوزەیرانی ڕابردوو بە نوسراوی فەرمی ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی (چوار ملیار و 527 ملیۆن دینار) بۆ بلوار و باخچەكانی سلێمانی تەرخانكرد، بەڵام ئاكۆ عەلی وتی، “هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندی دارایی دەربارەی خەرجكردنی ئەو پارەیە دەرچووە، دوابەدوای گەیشتنی ڕەزامەندییەكەش تەندەرمان بۆ پڕۆژەكە ڕاگەیاند”.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە پایزی ساڵی ڕابردووەوە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان و شارەوانی سلێمانی داوای پارەیان لە حكومەت كردووە بۆ بەكرێگرتنی تانكەری ئاودانی باخچە و بلوارەكانی سلێمانی، بەڵام وەڵامدانەوەی حكومەت بۆ داواكارییەكە كەوتە حوزەیرانی ڕابردوو.

جێگری سەرۆكی شارەوانی وتیشی، “دوای ڕاگەیاندنی تەندەر، چەند پڕۆسەیەكی دیكە دەمێنن وەك (كڕینی تەندەر، گەڕاندنەوە، كردنەوەی تەندەر و ئیحالەكردنی)، هەر كاتێكیش تەندەر بۆ كۆمپانیایەك دەرچوو و ئیحالە كرا، ئیتر دەستدەكات بە كاركردن و بەپێی كارەكان سلفەی بۆ خەرجدەكرێت”.

بڕوای خۆیشی نیشاندا بەوەی پێدەچێت دەستبەكاربوونی كۆمپانیا بۆ ئەو بوارە بكەوێتە 15ی ئابی داهاتوو، یاخود درەنگتریش.

دەربارەی ئەوەی ئایا دواكەوتنی دەستكردن بە ئاودانی بلوار و باخچەكان زیان بە نەمام و سەوزایی ناگەیەنێت؟ ئاكۆ عەلی وتی، “پارەمان سواڵكردووە” و لەئێستادا تەنها درەختەكان ئاودەدەرێن، تا وشك نەبن.

بابەتی پێشتر

لە ڕۆژانی جەژندا پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی دیکەی کوشندە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share