تیمەكانی بەهاناوەچوون تائێستا سەرقاڵی ئەو زیانانەن كە گەردەلولی بەفرین هێناویەتە ئاراوە و ملیۆنان ئەمریكی لە ئاهەنگ و بۆنەكانی یادی لەدایكبوون بێبەش كردووە.
بە دیاریكراویش لە ناوچەكانی رۆژئاوای نیویۆرك-ی داپۆشراو بە بەفر كە تیایدا ژمارەی قوربانییان بەهۆی كەشوهەواوە بۆ 27 كەس بەرزبووەوە.
تائێستا چەندین ناوچە لە باكووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بەردەم زنجیرەیەك دۆخی سەختی كەشوهەوادان وەك بەفر، هەوای سارد و دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ ئاستی بەستن كە چەند رۆژێكە وڵاتەكەی گرتووەتەوە.
هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو دۆخە ناسەقامگیرەكەی ئاووهەوا بووەتەهۆی بچڕانی تەزووی كارەبا لە ناوچەیەكی بەرفراواندا، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەزاران گەشتی ئاسمانی، جگە لە گیانلەدەستدانی لانیكەمی 49 كەس.
لە چەند رۆژی رابردوودا 17 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 800 گەشتیان تەنها لە دوێنێ-دا بوو، بەپێی سایتی Flightaware.com.
لە كاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، باری لەناكاوی لە ویلایەتی نیویۆرك راگەیاند و فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و كاربەدەستانی خۆجێیی ویلایەتەكە كرد بەردەوامبن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان.
كۆشكی سپی رایگەیاند، “راگەیاندنی باری لەناكاو لە لایەن سەرۆكەوە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و ئاژانسی فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناكاو سەرپشكدەكات هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ بەهاناوەچوونی خەڵك و یارمەتیدانی ئەو كەسانەی پێویستییان بە هاوكارییە”.