تەندروستیی جیهانی داوای نەترسان لە ئۆمیكرۆن دەكات

لە 24 وڵات بڵاوبووەتەوە

گەورە زانایەكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوای نەترسان لە دەركەوتنی (ئۆمیكرۆن) گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا دەكات و بەرپرسێكی دیكەش دەڵێت، هێشتا زووە دڵنیاببینەوە لەوەی ڤاكسینەكانی ئێستا پێویستییان بە دەستكاریكردنە بەرامبەر ئەو جۆرە.

سۆمیا سوامیناسان، گەورە زانای ڕێكخراوەكە وتی، پێشبینیكردن لەوەی ئۆمیكرۆن دەبێتە زنجیرەی بەربڵاو و كۆنتڕۆڵكەر لەچێوەی ئەستەمدایە.

ئەمەش لەكاتێكدایە گۆڕاوە نوێیەكە خۆی گەیاندووەتە ئاسیا، ئەفریقا، هەردوو ئەمریكا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و گەیشتووەتە 7 لەكۆی 9 كەرتی باشووری ئەفریقا، كە بۆیەكەمجار تیایدا دەردەكەوت.

سوامیناسان وتی، تووشبوون بە ئۆمیكرۆن “خێرا” و كاریگەرییەكەشی زۆرترە پشتبەست بەو داتایانەی لە باشووری ئەفریقاوە گەیشتوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، “تا چ ئاستێك پێویست هەست بە نیگەرانی بكەین؟ پێویستە لەسەرمان ئامادەبین و وریابین، نەك بترسین، بەهۆی ئەوەی لەدۆخێكداین كە جیاوازە لە ساڵێك بەر لە ئێستا”.

بەپێی وتەی ئەو، “دەلتا بەرپرسە لە 99%ی تووشبوونەكان لە جیهاندا. ئەم جۆرەیان توانای باشتری گواستنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە جۆرێكی بەربڵاو لە جیهاندا. ئەمە سیناریۆیەكی پێشبینیكراوە، دڵنیایی لەبارەی بەتەواوی ڕوودانییەوە نییە”.

تائێستا زۆر لایەنی ئۆمیكرۆن، كە لە 24 وڵات بڵاوبووەتەوە، بەنادیاری ماوەتەوە، لەكاتێكدا چەند بەشێكی ئەوروپا بەدەست تووشبوون بە گۆڕاوی پێشووی ڤایرۆسەكە (دەلتا)وە دەناڵێنن هاوكات لەگەڵ چوونەناو وەرزی سەرماوە.

لای خۆیەوە مایك ڕایان، بەڕێوەبەری فریاكەوتنی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەك نییە پشتیوانیی هەموار و دەستكاریكردنی ڤاكسینەكانی ئێستا بكات بۆ بەرگریكردن بەرامبەر ئۆمیكرۆن.

وتیشی، “لەئێستادا ڤاكسینی زۆر كاریگەرمان هەیە، پێویستە چاومان لەسەر دابەشكردنی بێت بەشێوەیەكی زیاتر دادپەروەرانە، پێویستە جەخت بكەینەوە لەسەر كوتانی ئەو توێژانەی زیاتر لەبەردەم مەترسیدان”.

بابەتی پێشتر

جۆرج قرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە

بابەتی دواتر

كۆنگرەی چاڤی پێش ڕوبەڕووبونەوەی ڕیاڵ بیتس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share