دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بەناوی “ئەحمەد رۆمیە” راگەیاند، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوەکانی داناوە.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، ئەحمەد رۆمیە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی زیاتر لە 40 تاوانی کوشتن و رفاندن، ماوەی شەش ساڵە و لە 2016وە هەڵاتووە.
ئەحمەد رۆمیە کە ناوی تەواوی “ئەحمەد حەسەن جەواد”ە، هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکەی ناحیەی ئەبو سیدایە کە تێیدا بەڕێوەبەری ناحیەکەی کوشت، هەروەها تۆمەتبارە بە کوشتنی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی ئەو ناحیەیە و نەوەکەی هەروەها کوشتنی چەندین بەرپرسی دیکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەزگای ئاسایشی گشتیی توانی تۆمەتباری داواکراو “ئەحمەد رۆمیە” دەستگیربکات.