ئەنجومەنی وەزیران: هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و پێدانی موچە‌ چڕکردوەتەوە

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هاوڵاتییان مافی خۆیانە بەشێوەیەکی شارستانیانە ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بەڵام داواکارین ڕێگەنەدەن مافە ڕەواکانیان بەکاربهێنرێت و دەشڵێت، موچەخۆران دڵنیادەكەینەوە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و پێدانی موچە‌ چڕکردوەتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران كۆبووەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویكردەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە كرد کە لە ڕۆژانی ڕابردوو گیانیان لەدەستدا و بوونە قوربانی و دەشڵێت، “هاوڵاتییانی مووچەخۆی بەڕێز مافی خۆیانە بە شێوەیەکی شارستانیانە ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بەڵام داواکارین ڕێگەنەدەن مافە ڕەواکانیان بەکاربهێنرێت لە لایەن کەسان و لایەنی نابەرپرس بۆ تێکدانی رەوشی ئارامیی هەرێم و دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆزی”.

ڕونیشیكردوەتەوە، ئەم ئێوارەیە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بە هەموو دەسەڵاتێکەوە سەردانی بەغدا دەکات لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پرسە دارایی و ئابوورییەکان.

ئاماژەشدەدات، “ئەنجومەنی وەزیران هاووڵاتییان و بەتایبەت موچەخۆران دڵنیادەکاتەوە کە هەوڵەکانمان لەگەڵ بەغداد بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن و هەروەها هەوڵە نێوخۆییەکانی چڕکردوەتەوە هاوکات لەگەڵ هەنگاوەکانی چاکسازی ئیداری و دارایی و پەرەپێدانی شەفافیەت لەپێناو چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و پێدانی مووچە‌ و شایستە‌ داراییە‌كانی موچە‌خۆران”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فەرمی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بڕیارە‌ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌ سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، بگاتە بە‌غداد.

وتیشی، مەبەست لە سەردانەكە “بە‌ردە‌وامیدانە بە‌ گفتوگۆكان و گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان و بە‌تایبە‌ت پرسی دارایی و جێگیركردنی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی 2021ی عێراق”.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكەوە 12 كەس برینداربوون

بابەتی دواتر

دەستەی دەستپاکی: 158 کەیسی گەندەڵی لە قۆناغی دادگاییکردندان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆكی لیژنەی دارایی: هەفتەی داهاتوو هەمواری یاسای بودجەی 2024 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەفتەی داهاتوو هەمواری یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی…
Total
0
Share