بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ سیاسەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانییە

بەشێك لە دیدارەكەی بافڵ تاڵەبانی و لێپرسراوی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێم

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی لەگەڵ سیاسەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانییە و دەشڵێت، “دەبێت مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێدا بپارێزین و لەبنەڕەتەوە کێشەی موچەی ھەرێم چارەسەربکەین”.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “یەکێتی لەگەڵ سیاسەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانییە و چاومان لە حوکمڕانییەکی باشتر و خزمەتگوزاری زیاترە بۆ خەڵکی کوردستان”.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دەکەینەوە و دەبێت مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا بپارێزین و لەبنەڕەتەوە کێشەی مووچەی ھەرێم چارەسەربکەین و چیتر خەڵکی کوردستان لەدڵەڕاوکێدا نەھێڵینەوە. بۆ ئەوەش گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقی و دۆستەکانمان لە ناوەند بەردەوامە”.

ئەم وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەمیانەی پێشوازیكردنیدا بوو لە ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، لێپرسراوی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەكەی لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی لەسەر کۆی پێشھات و پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان بەرچاوڕوونیدایە نوێنەری یۆنامی و، سیاسەت و نەخشەڕێگای یەکێتی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە خستەڕوو.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاشکراشیکرد دوو وەفدی باڵای ھەرێم لەسەر ئاستی حکومی و سیاسی دەچنە بەغداد و گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و بودجەی فەرمانبەران و ھەرێم.

لای خۆیەوە ڕیکاردۆ رۆدریگێز هەڵوێستی یۆنامی ڕوونکردەوە و وتی، ئێمە لەگەڵ ڕێککەوتن و شەراکەتی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغداین و پێویستە مافە دەستوورییەکانی هەردوولا پارێزراوبێت و هەموو هەنگاوەکان بەرەو ڕێککەوتن و چارەسەری کێشەکان بن.

بابەتی پێشتر

ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی كۆرۆنا لە هەرێم

بابەتی دواتر

بەربڵاوترین پۆست لە ساڵی 2020دا لە تویتەر ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سۆران عومه‌ر: سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و داهاته‌كه‌ی خراپترین و ناشه‌فافترین پرۆسه‌یه‌

ئەندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و داهاته‌كه‌ی خراپترین و ناشه‌فافترین پرۆسه‌یه ‌و زیانی گه‌وره‌ی لە…
Total
0
Share