سالم ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیارق رایگەیاند، هەڵاوسانی نرخی دۆلار لە بازاڕدا لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم پەسەندکردنی بودجەیە بۆ ساڵی 2023.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی دەڵێت، چاوەڕێ دەکرێت کە لە کۆتایی مانگی ئازار یان سەرەتای مانگی نیسان پەسەند بکرێت.
راشیگەیاندووە، “یاسای بودجە و ڕەشنووسەکەی هێشتا لای حکومەتە و تا ئێستاش نەگەیشتووەتە پەرلەمان و بڕگەکانیشی ڕووننەکراونەتەوە، ئەمەش پێویستی بە خێراکردنی پێشکەشکردنیەتی بە ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو فۆرمی کۆتایی بودجە دیاریبکرێت و پەسەندبکرێت”
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەڵاوسانی نرخی دۆلار و دیاریکردنی لە بودجەی ساڵی 2023دا دیارترین بەربەستن لەبەردەم پەسەندکردنی بودجەدا، ئەمە جگە لە هەندێک بڕگە کە تا ئێستا نەخراونەتە گفتوگۆوە، بۆیە بەدوور نازانرێت کە بودجەی ساڵی 2023 لە ساڵی 2023دا بخرێتە بەردەم گفتوگۆ و پەسەندکردنی دوابکەوێت”.
دەڵێت، ئەگەری زۆرە لە ماوەی مانگی ئازار یان نیسانی ساڵی داهاتوودا بودجە پەسەند بکرێت و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕەنگە ڕێککەوتنی پێشوەختە هەبێت بەهۆی پەرۆشی هێزە سیاسییەکان بۆ پەسەندکردنی بودجە”.
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە بودجەی ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵانێک بەربەستی 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو داهاتە داراییە زۆرەی لەبەردەستی عێراقدایە.