لەم هەفتەیەدا گرێی بودجە دەكرێتەوە؟

بەگوێرەی زانیاریی پەرلەمانتاران، كێشەی نوێ بۆ پرۆژەیاسای بودجە هاتووەتە پێش، پێشبینیش دەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتنێك بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ڕێكبخرێت.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە، “ناكۆكی نوێ هاتوونەتە پێش بودجە، هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی هۆكاری ئەوە بوون كە دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەڕێوەنەچێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی داواكاری نوێیان پیشكەشكردووە، بۆ دووبارە دیاریكردنەوەی نرخی دۆلار، ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە نەكراوە”.

كەی دەنگ لەسەر پرۆژەكە دەدرێت؟

لای خۆیەوە، محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئازار ڕایگەیاندووە، “ڕەنگە بەر لە كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت”.

بەڵام شیروان میرزا ئاماژەی بەوەكردووە، “تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاری نەكراوە، كۆبوونەوەكانی دوێنێش بەبێ دیاریكردنی وادەی دەنیشتنی پەرلەمان كۆتاییان هات”.

پشكی كورد لەكوێی كێشەكانی بودجەدایە؟

عەباس سروت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی (عراقیون) ئەمڕۆ دووشەمممە 29ی ئازار ئاماژەی بەوەكردووە، “گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە پشتدەبەستێت بە هاتنەدی ڕێككەوتنی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ناكۆكییەكان لەسەر هەندێك لە بڕگە و مادەكانی پرۆژەی بودجە تا ئێستا بەردەوامە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێم و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و قەرزە دەرەكییەكان و چەند بڕگەیەكی دیكەوە هەیە”.

سەبارەت بە برگەی تایبەت بە هەرێم لە پرۆژەكەدا دوێنێ یەكشەممە، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ”دوایین دەق لەسەر پشکی هەرێم کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا جێگیرکراوە قبوڵمانە هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان باشە”.

وتیشی، “تائێستا ناکۆکییەکان لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر دینار و قەرزی دەرەکییە، بۆیە بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ دەکەن”.

بەگوێرەی وتەی ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەكە دەنگی بە مادەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق داوە، كە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان.

لای خۆشییەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی، “مادەی 11، تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان پێنج فەقەرە لەخۆ دەگرێت”.

سەبارەت بەو خاڵانەش وتی، “خاڵەكان خۆیان دەبیننەوە لە، پاكتاوكردنی شایستە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە 2003ەوە بۆ 2020 دەگرێتەوە، هەروەها دەبێت هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمبهێنێت لەوەش بەو نرخەی سۆمۆ نەوتەكەی دەفرۆشێت پارەی 250 هەزار بەرمیلی نەوت ڕادەستی بەغداد دەكرێت لەگەڵ ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی نانەوتی، دەبێت هەردوولا پابەند بن ئەگینا جێبەجێ ناكرێت”.

ئەحمەد سەفار ئەوەشی خستووەتەڕوو، “پێشبینی دەكەین، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ سالی 2021 لەنێوان 11 بۆ 12 تریلیۆن دینار بێت”.

بابەتی پێشتر

نوێترین زانیاری لە زاری فەرماندەیەكی پێشمەرگەوە لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی كەركوك

بابەتی دواتر

وەزارەتی پێشمەرگە: هێرشە موشەكییەكان بێ زیان بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share