مەسرور بارزانی: داوا لە خەڵك دەكەین لە مەترسی ئەم دۆخەی كوردستان تێبگەن

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە نیگەرانییەكانی خەڵك تێدەگەین و ئێمەش بەشێكین لەوان، دەشڵێت، داوا لە خەڵك دەكەین لە “مەترسی ئەم دۆخەی كوردستان” تێبگەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، لە نیگەرانییەكانی خەڵك تێدەگەین و ئێمەش بەشێكین لەوان، هەموو هاوڵاتیان مافی خۆیانە باس لە داواكاری و مافەكانی خۆیان بكەن.

وتیشی، بەڵام ئەوەی لە خۆپیشاندانەكاندا بینرا “ئاراستەی خۆپیشاندان گۆڕا بەتایبەت لەلایەن هەندێك كەس كە قۆرغیان كرد و كردیان بە بابەتی توندوتیژی و تێكدان و تاڵانكردن و سوتان و كوشتن”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، وەك حكومەت خۆپیشاندەران دەپارێزرین و پشتیوانی لە خواست و داواكارییەكانیان دەكەین، داواش لە خەڵك دەكەین لە “مەترسی ئەم دۆخەی كوردستان تێبگەن”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم هۆكاری ئەم دۆخەی هەرێمی گەڕاندەوە بۆ “ئەوانەی مافی هەرێمیان پێشێلكردووە” و ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی لە خۆپیشاندانەكانەوە بینیویانە دوورە لەو واقیعە و “مەبەستی دیكە و كەسانی دیكەی لە پشتەوە بوو”.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا دوو بەرە هەن بەرەی پارێزەرانی كوردستان و بەرەی ئەو كەس و “ناحەزانەی” دەیانەوێت قەوارەی هەرێم تێكبدەن.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خۆپیشاندانانەی بۆ داواكردنی مافی ڕەوای خۆیانە حكومەت پێشوازییان لێدەكات، بەڵام “ڕێگانادەین كەسانێك گێرەشێوێن و تێكدەر هێرش بكەنەسەر مافی ڕەوای خۆپیشاندەران”.

داواشی لە پەرلەمانتارانی كورد ئەوانەی بە دەنگی خەڵك چونەتە بەغداد كرد بەرگری لە هاوڵاتییانی كوردستان بكەن و لە بەرەی پارێزگاری هەرێمی كوردستان بن.

مەسرور بارزانی وتیشی، شەو و ڕۆژمان كردوەتە یەك بۆ چارەسەری كێشەكان و “هیچ بیانویەكمان نەهێشتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەینە ڕێككەوتن”.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ئێمە تەنها كێشەی موچەمان نییە، بەڵكو كێشەی خاك و ناسنامە و دەستور و ناسنامەی نەتەوەییمان هەیە.

دوپاتیشیكردەوە، ئەمساڵ تەنها شەش مانگ پشكی هەرێم بە بە لێبڕینەوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم نێردراوە و ئەوانەش كە “ڕەخنە لە هەرێم دەگرن گوایە ئامادەنەبووە نەوت ڕادەست بكات ڕاست نییە”.

وتیشی، وەك حكومەتی هەرێم ئامادەبوون هەموو ئەو ئیلتیزام و ئەركانە جیبەجێ بكەن كە دەكەوێتە ئەستۆیان، بەڵام هەر جارێك بە بیانویەك دابینكردنی ئەم بڕە دواخراوە.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات بەمەبەستی گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند، “هیوادارین لەكاتێكی زوودا بگەینە ڕێككەوتنێكی بنەڕەتی تا هەموو مانگێك توشی ئەم گرفتە نەبین”.

داواشی لە حكومەتی عێراق كرد “بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر دەستور و خەڵكی كوردستان” بگرنەئەستۆ.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی ڕونكردەوە، دەستیان داوەتە بەرنامەیەكی تۆكمەی چاكسازی و لە یەكەم ڕۆژی كابینەی حكومەتەوە ئەو چاكسازییە دەستیپێكردووە.

هەروەك تیشكی خستەسەر ئەوەی، هەمان ئەو كەسانەی ڕەخنە دەگرن كە گوایە حكومەت چاكسازی نەكردووە، “ڕێگری دەكەن لە حكومەت چاكسازی بكات”.،

دەربارەی ڕێككەوتنی 50 ساڵەی حكومەتی هەرێمیش لەگەڵ توركیا، مەسرور بارزانی زانیارییەكانی پێشووی سەبارەت بە ڕێككەوتنەكە بە “ناڕاست” ناوبرد و وتی، گرێبەستەكە تەنها تایبەتە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە خاكی توركیادا و بۆ ئەو بۆرییەیە بەمەبەستی گەیشتنی نەوت بە بازاڕەكانی جیهان.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی دەستور هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی هەیە پەرە بە بەرهەمی نەوتی خۆی بدات، بەتایبەت ئەو بیرە نەوتیانەی پاش دەستور وەبەرهێنانیان تیاكراوە.

وتیشی، زیاتر لە هەموو كەس “خەمخۆری خۆشگوزەرانی” هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانن و دەیانەوێت “كوردستان ببێتە نمونەیەكی سەركەوتوو”.

سەرۆكی حكومەت پشتگیری خۆشی بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی دەربری كە دوێنێ لە سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەچوو و هیواشیخواست لایەنەكان پشتیوانی حكومەت بكەن.

بابەتی پێشتر

بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان مانیان گرت

بابەتی دواتر

ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی كۆرۆنا لە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share