سبەی دیاردەیەكی گەردوونی لە هەرێم و نیوەگۆی باكووری زەویدا دەستپێدەكات
رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان (KAO) بڵاویكردەوە، بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، كاتژمێر 12:48ی بەیانی سبەی پێنجشەممە دیاردەی (وەرگەڕانی زستانە Winter Solstice) روودەدات.
واتە یەكەم رۆژی وەرزی زستان لە نیوەگۆی باكووری هەسارەكەمان دەستپێدەكات، ئەو رۆژەش درێژترین شەوی تیادایە كە ماوەكەی دەگاتە 13 كاتژمێر و 44 خولەك و 1 چركە و ماوەی رۆژیش كورتترین ئاست تۆماردەكات كە دەگاتە 10 كاتژمێر و 15 خولەك و 59 چركە، وەك ئەوەی رێكخراوەكە روونیكردوەتەوە.
دەشڵێت، هەر لەو رۆژەدا و، بەپێی لاریی گۆشەی خولانەوەی تەوەری زەوی لەسەر خولگەكەیدا، تیشكی خۆر ستوونی دەبێت لەسەر (خولگەی گیسک) لە نیوەگۆی باشووری زەوی، هەر بۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی دەكشێ تا دەگاتە ئاستی 23 پلە و 26 خولەك بەرەو باشوور، كە ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خۆر لە نیوەگۆی باكوور بەرەو باشوور، ئەوكاتە بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی وەرزی هاوینە، واتە (وەرگەڕانی هاوینە– Summer Solstice) دەبێت.
رێكخراوی فەلەكناسی روونیشیكردەوە، هۆكاری درێژبوونەوەی ماوەی شەو و رۆژ و دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی هۆكارەكەی بۆ لاربوونەوەی تیشكی خۆرە، نەوەك دووركەوتنەوە و نزیكبوونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە راستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوگۆی باكووری زەویدا كاتێك روودەدات كە هەسارەكەمان لە نزیكترین خاڵدایە لە خۆر.
لە هەمان كاتدا، بەوپێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەریی باكوور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر یەگجار زۆر زیاتر لە ئاسمانیان دووردەكەوێتەوە و تا وایلێدێت خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت!، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەریی باشووردا خۆر بۆ ماوەی 6 مانگ هەڵدێت و لەكاتی ئاوابوونیدا لەسەر ئاسۆی رۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكووری رۆژئاوا و ئینجا باكوور و پاشان بۆ باكووری رۆژهەڵات و ئینجا دووبارە لە رۆژهەڵاتدا بەرزدەبێتەوە ناوەڕاستی ئاسمان.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، تەواوی دیاردەكانی هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكوور لە 20 – 21 – یان 22ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا روودەدات، بەڵام یەگجار زۆر بە دەگمەنی لە 23ی كانونی یەكەمدا روودەدات، بۆیە دوایین هەڵگەرانەوەی زستانە لە 23ی كانونی یەكەمی 1903 روویدا و لە 23ی كانونی یەكەمی 2303دا دووبارە دەبێتەوە، واتە دوای 281 ساڵی دیكە.