عەلی حەمەساڵح وشەی “جێندەر” شیدەكاتەوە و رای خۆیشی دەردەبڕێت

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح لەبارەی ئەو وشەیەی بەمدواییە رای گشتی لەسەر دروستبووە روونكردنەوە دەدات و رای خۆیشی لەسەری دەردەبڕێت.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا رایگەیاند، جێندەر لە کورتترین پێناسەدا: مرۆڤ هەستیکرد بەوەی چ رەگەزێکە… ئەوەیە، نەک ئەوەی چۆن لەدایکبووە. واتە، هەستتکرد نێری تۆ نێری، هەستتکرد مێی تۆ مێی.

دەشپرسێت، “لەم دۆخەدا کۆمەڵگای ئێمە گرفتی کێشەی جۆری رەگەز یان (جێندەر)ی هەیە؟. لەپای ئەم هەموو کێشەی بەرۆکی گرتووین بۆ خەڵک سەرقاڵ بکەین بەم چەمک و پێناسەکردنە؟”.

ئەو پەرلەمانتارە هیوای ئەوەش دەخوازێت نێوەندە زانستی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن ئەو چەمکە کوردیانە بەکاربهێنن کە پەیوەستە بەم پرسانەوە… کارێکی نادروستە چەمکێ بۆ مەبەستێ بەکارهاتبێت، بڵێیت لە بەکارهێنانیدا مەبەستم، رێگرییە لە توندوتیژی دژ بە ئافرەت.

دەقی نووسینەكەی عەلی حەمەساڵح:

لەبارەی جێندەر و رێکخراوەکان و دروستکردنی ناوەندی جێندەر لە زانکۆکان و بەشی جێندەر لە حکومەتدا.
لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی…
منیش بەڕوونی لەواتای تەواوی ئەم چەمکە (جێندەر) نەدەگەشتم.. کاتێک پرۆژەیاسای هەمواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی هاتە پەرلەمان. ئەم چەمکە لە هەموارەکەدا بوو.
لێکۆڵینەوەم کرد لە واتا و مەبەست و چۆنیەتی هاتنی ئەم چەمکە.
نەمدەویست قسەی لەسەر بکەم، چونکە ئەوەم بەکاری کۆمەڵناس و درونناسان دەزانی، بەڵام کە دەبینم لە نێو زانکۆکاندا “نێوەندی جێندەر” دروستدەکرێت. لە حکومەت بەشی جێندەر هەیە. دەبینین بووە بە بەشێکی فراوانی گفتوگۆی گشتی. هەڵوێستی خۆمان لەبارەی ئەم دەستەواژە و بەکارهێنانی رووندەکەینەوە.

جێندەر.. لە کورتترین پێناسەدا: مرۆڤ هەستیکرد بەوەی چ رەگەزێکە… ئەوەیە، نەک ئەوەی چۆن لەدایکبووە.. واتە: هەستتکرد نێری تۆ نێری.. هەستتکرد مێی تۆ مێی.. تەنانەت.. هەندێک زیاتر دەڕۆن و دەڵێن: هەستتکرد ئاژەڵی ئەوە ئاژەڵی.. هەستتکرد سەگی ئەوا سەگی (transspecies).

لەبارەی پێناسەی جێندەر..
پەیمانگەی کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی، بەمشێوە پێناسەی کردووە:
جێندەر، بریتییە لە رەگەزی کۆمەڵایەتیی کەسێک. نەک ئەو رەگەزە بایەلۆجییەی کە پێوەی لەدایکبووە، بەڵکو بریتییە، لەو رەگەزە کۆمەڵایەتییەی کە دەکرێت کارتێکراو بێت لەلایەن چەندین بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوە، بۆ نمونە ئاساییە کەسێک گەر کوڕ بێت، بەڵام لە ژینگەیەکی کچانە ژیابێت دواتر پێناسەی خۆی بە کچ بکات یان بە پێچەوانەوە، نەک تەنها کوڕ و کچ، ئەسڵەن جێندەر ئایدێنتی ئاژەڵیش ئەگرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا، بەم شێوە پێناسەی کردووە:
سێکس، بریتیە لە جیاوازییە بایۆلۆجییەکانی نێوان نێر و مێ، کە خۆی لە کرۆمۆسۆم و ئۆرگانەکانی زاوزێ و جیاوازی هۆرمۆنەکان و چەند شتێکی دیکە دەبینێتەوە، بەڵام “جێندەر” ئاماژەیە بۆ رۆڵ و رەفتارە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکان و یاساییەکان و کارتێکەرەکان کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کولتووریدا روودەدەن و لە سەرانسەری کۆمەڵگاکان و بە تێپەڕبوونی کاتدا دەگۆڕدرێن.
لە هەندێک شوێنی دیکە کە زۆر بە چڕی کار لەسەر پرسی جێندەر و ناسنامەی رەگەزیی کراوە، ئەگەر کەسێک خۆی بە ئاژەڵ وەسف بکات تۆ پێی بڵێیت تۆ نەخۆشیی دەروونیت هەیە تۆ مرۆڤیت نەک ئاژەڵ، ئەوا تۆ بە کەسێکی دەستدرێژیکار و پێشێلکاری مافی تاک دادەنرێیت.
مەوسوعە بریتانیا، بەم شێوە پێناسەی جێندەری کردووە:
هەستی مرۆڤ بە نەفسی خۆی.. نێرە یان مێ. ناسنامەی جێندەر جێگیرنییە بەو رەگەزەی مرۆڤ پێوەی لەدایکبووە. خۆت هەستتکرد تۆ چیت. تۆ ئەوەیت.

پرسیار بۆ رێکخراوەکان و هەندێک لە نووسەران؟
تائێستا کەستان پێناسەیەکی روونی جێندەرتان کردووە؟ ئامانجی بەکارهێنانی ئەم چەمکەتان روونکردوەتەوە؟
دەپرسین، ئەگەر بابەت مافی مرۆڤ و ئافرەتە.. بۆ چەمک یان دەستەواژەیەکی کوردی بەکارناهێنن لە بری جێندەر؟
لەوانە، بەرگری لە مافی ژن، دادی کۆمەڵایەتی، هاوبەشی خێزانی، مافی مرۆڤ…. هتد!
بەدڵنیایی زۆرێک لەو کەسانەی چالاکوانن و دژی ژنکوژی و ئازاردانی ژنانن نیگەرانن لەوەی کەیسی مافی ژن تێکەڵ بەم پرس و چەمکە کراوە و پێیانوایە ئەمە بە زیان بۆ دۆسیەی بەرگری لە مافی ژن دەشکێتەوە.

جێندەر هاوڕەگەزخوازییە؟
هاوڕگەزخوازی لەنێو جێندەردا بوونی هەیە.. بەوپێیەی نێرێک هەستیکرد مێیە، کەواتە: مێیە و دەتوانێت لەگەڵ نێرێک هاوسەرگیری بکات! بە پێچەوانەشەوە، دەکرێت هەردووکیان بیت لە یەککاتدا یان هیچیان نەبیت!
واتە، ناتوانین بڵێین: جێندەر بەتەنیا هاوڕگەزخوازی دەگرێتەوە، وەک چۆن ناشتوانین بڵێین: هاوڕگەزخوازی لەنێو جێندەردا جێگای نابێتەوە.

پرسیاری جدی و جەوهەری ئەمەیە..
لەم دۆخەدا کۆمەڵگای ئێمە ئەم گرفتەی هەیە “کێشەی جۆری ڕەگەز” یان “جێندەر”؟. لەپای ئەم هەموو کێشەی بەرۆکی گرتووین بۆ خەڵک سەرقاڵ بکەین بەم چەمک و پێناسەکردنە؟
هیواموایە.. نێوەندە زانستی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن، ئەو چەمکە کوردیانە بەکاربهێنن، کە پەیوەستە بەم پرسانەوە. کارێکی نادروستە چەمکێ بۆ مەبەستێ بەکارهاتبێت، بڵێیت لە بەکارهێنانیدا مەبەستم: رێگرییە لە توندوتیژی دژ بە ئافرەت.
چەمکێ کە پێناسەیەکی جیهانی هەبێت، ناکرێ تۆ بڵێی بۆ مەبەستێکی دیکە بەکاری دەهێنم!!

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی دواتر

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی پێنج مانگی بۆ دەستگیركردنی تۆڕێكی ئەمارەتی تیرۆریستانی داعش راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار دابەزی

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
0
Share