سکالۆنی: خولەک بە خولەک لەگەڵ یاریی کۆتاییدا دەڕۆین و ڕاگرتنی مباپێ ئەرکی تەنها یاریزانێک نییە

لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 ئەنجامدا، کە بڕیارە سبەیشەو لە نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا ئەنجامبدرێت.

بەم جۆرە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە:

 

“فەرەنسا پێکهاتەیەکی ناوازەی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی مباپێ، ئەوەش کردوویەتی بە باشترین یاریزان، ئەو یەکێکە لە یاریزانە مەزنەکان، هێشتا گەنجە و زیاتر بەرەوپێش دەچێت.”

 

“ترسم لە ناوبژیوان نییە، بەڵکو ناوبژیوانێکی باشە، بەهۆی بوونی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆییەوە دڵنیام زیان بە هیچ یەکێک لە ئەرجەنتین و فەرەنسا ناگەیەنێت.”

 

“نازانم ئەمە دوایین یاریی نێودەوڵەتی مێسی-یە یان نا، بەڵام هیوادارم بە باشترین شێوە وازهێنان لە بوارە نێودەوڵەتییەکان ڕابگەیەنێت.”

 

“پێویستە چێژ لەو ساتانە وەربگرین کە لە ئێستادا تۆمارمان کردووە، ئەو ساتانە دەچنە مێژووەوە.”

 

“ڕاگرتنی مباپێ ئەرکی تەنها یاریزانێک نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو پێکهاتەکەمە، نەک تەنها مباپێ، دەبێت پێکهاتەی فەرەنسا ڕابگرین.”

 

“فەرەنسا لە هەموو پێگەکاندا یاریزانی یەدەگی بەتوانای هەیە، دەتوانن کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەن و بەپێچەوانەشەوە، پێویستە خولەک بە خولەک یارییان بەرامبەر بکەین.”

 

“هیوادارم جامی مۆندیال ببەینەوە، یاریی کۆتایی ناوازە دەبێت، دەزانین کەی هێرشدەبەین و شێوازێکی یاریکردنی ئاشکرا و دیارمان هەیە.”

 

“خاوەنی باشترین هاندەرانین لە جیهاندا، کە پێویستیان بە خۆشی و ئاهەنگگێرانە، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو خۆشییەیان پێببەخشین.”

 

“ڕەخنەکان شتێکی ئاسایین و بێزارم ناکەن، هەوڵدەدەم بە باشترین شێوە ئەرکەکانم ڕاپەڕێنم و دواتر لێکدانەوە بۆ کارەکانم دەکرێت.”

 

“هاوڕا نیم لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن، یارییە کۆتاییەکان بە یاریکردن نییە و بە ئەنجامە، بەڵکو بە یاریکردنە، پێویستە شرۆڤەی ڕکابەرەکەت بکەیت و لەسەر ئەو بنەمایە کاربکەیت، ناکرێت بچیتە نێو یاریگاوە و تەنها ئامانجت بردنەوە بێت و هیچی تر.”

 

“پێکهاتەکەمم دیاریکردووە، دەتوانن دوو تا سێ کاتژمێری دیکە خوێندنەوەی بۆ بکەن، چونکە ئاشکرادەکرێت.”

 

“پلانمان بۆ یارییەکە بە جۆرێکە، کە بتوانین گەورەترین زیان بە ڕکابەرەکەمان بگەیەنین.”

 

“ناتوانم بڵێم کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکەین یان نا، چونکە یارییەکە یەک قۆناغ نییە و وەک وتم خولەک بە خولەک لەگەڵیدا دەڕۆین.”

 

“یاریزانەکانم هەموو وزەی خۆیان بەکارخستووە، هیوادارم ماندوبوونیان بە ناسناوەکە قەرەبوو بکەنەوە، ئەگەر ئەوەش ڕوونەدات، وا دەکەین خەڵکی شانازیمان پێوە بکات.”

بابەتی پێشتر

وادەی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

دیشامپ: متمانەی تەواوم بە مباپێ-یە و ڕاگرتنی مێسی ئەرکێکی قورسە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share