مێسی: ئەوەی لە بەرشلۆنە ڕوویدا ئازاریدام و بەو شێوەیە گوزارشتم لە توڕەییم کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئەنجامدا، بە پێچەوانەی ماوەی ڕابردووەوە پەیامی ئاشتەوایی ئاڕاستەی هاندەرانی کرد.

“پوڵگا” لە وەڵامەکانیدا دانی پێدادەنێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە هەڵەی کردووە، لەهەمان کاتدا هۆکاری توڕەیی و بێزاری بۆ ئەو ڕووداوانە دەگەڕێنێتەوە کە لە کۆتایی وەرزی ڕابردوو ڕوویانداوە.

مێسی دەڵێت، ” هەموو ئەوەی کردوومە لە پێناو بەرشلۆنەیەکی باشتر و بەهێزتردا بووە”، بەم شێوەیەش وەڵامی پرسیارەکانی دیکە دەداتەوە.

ئەگەر هەڵەیەک هەبێت

“ئەگەر هەڵەیەک لەلایەن منەوە کرابێ بەرپرسیاریەتییەکەی هەڵدەگرم و تەنها لەپێناو ئەوەدابووە بەرشلۆنەیەکی باشتر و بەهێزتر ببینم، لە ئێستادا پێویستە سەرنجی تەواومان لەسەر ململانێکانی وەرزی نوێ بێت تاوەکو باشترین پێشکەش بکەین، دەمەوێت پەیامێک ئاڕاستەی هەموو ئەوانە بکەم کە دوای ئێمە کەوتوون، یاخود هاندەرانی کەتەلۆنیا، ئەگەر هەر ئەندامێکی یانەکە بێزاربووبێت لەوەی وتوومە و کردوومە، بە دڵنیاییەوە بیرم لە باشتربوون دەکردەوە بۆ بەرشلۆنە”.

ڕۆیشتنی سوارێز

” دەزانم کەسانێک پێیان وابوو لە کاتی ڕۆیشتنی سوارێز باشتربوو بێدەنگیم هەڵبژاردایە و تەنها ڕێگەم بدایە بابەتەکە تێپەڕبێت بەڵام لە کۆتا هەفتەکاندا شتانێک ڕوویاندا ئازاریاندام، منیش بەو شێوەیە گوزارشتم لە توڕەیی و بیروبۆچونەکانم کرد”.

چارەسەری دۆخەکە دەکات

” دوای ناکۆکییەکی زۆر، دەمەوێت چارەسەرێکی ڕیشەیی دۆخەکە بکەم، بە پێویستی دەزانم سەرجەم هاندەرانی بەرشلۆنە یەکبگرن و بیر لەوە بکەنەوە کە هێشتا یانەکەمان باشترینی نیشاننەداوە و بەدڵنیاییەوە ئەم پێکهاتەیەی ئێستا باشترینتان پێشکەشدەکات، تەنها ئامانجێکمان هەیە ئەویش دڵخۆشکردنە لە ڕێگەی تۆپی پێ و هەموو ئەو کەس و هاندەرانەی شایەنی دڵخۆشبوونن”.

گڕوتین و ئارەزووی سەرکەوتن

” دەبێت لەم وەرزەدا ئەوپەڕی وزەی خۆمان بەکاربخەین بۆ هێنانەدی خەونەکانمان، چنینەوەی هەموو ئەو نازناوانەی کە دەتوانین بەدەستیانبهێنین، وەک هاندەرێکیش پێموایە گڕوتین و حەسامەت تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان، هەمیشە دەبێت یەکگرتوو هاوڕابین، لە بەرشلۆنە هەردەم ئامانجی سەرەکیمان بردنەوە و پێشکەشکردنی ئەوپەڕی تواناکانمان بووە لەناو یاریگا”.

هەمان بیرکردنەوە

” بیروڕا و بیرکردنەوەم بەدرێژایی مێژووی یاریکردنم ئاشکرابووە و نەگۆڕە، ئەمڕۆش پابەندبوونی تەواوی خۆم دووپاتدەکەمەوە بە درێس و قەڵغانی بەرشلۆنەوە، بیرکردنەوەم هێشتا لەسەر ڕێڕەوی دروستە و نەگۆڕاوە”.

بابەتی پێشتر

وەڵامەکانی سوارێز لە پرێس کۆنفرانسی ماڵئاواییکردن لە بارسا بخوێنەرەوە

بابەتی دواتر

پێشبینیدەكرێت تا ساڵی 2050 زیاتر لە یەك ملیار كەس دەربەدەربن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share