رێوڕەسمی پێشوازی و بەخاكسپاردنی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر بەڕێوەدەچێت

تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و پاش ئەنجامدانی رێوڕەسمی تایبەت بەرەو فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ بەڕێدەكرێت و دواتر لە هەولێر بەخاكدەسپێردرێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر بە فڕۆكەی تایبەت گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

رێوڕەسمی تایبەت بە پێشوازی لە تەرمەكەی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و نوێنەر و نێردەی وڵاتان و هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق بەڕێوەدەچێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتاری رێوڕەسمی گەڕاندنەوە و بەخاكسپاردنی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر-دا رایگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ لە رۆژی ئاڵای كوردستان كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە برای ئەزیمان كاك ئاكام عومەر بكەین.

وتیشی، “فەرماندە ئاكام كورد بوو، پیاوێكی بەدین بوو، شەڕی كرد بۆ كوردستان، بۆ میلەتەكەی، بۆ حزبەكەی، كاك ئاكام هیچی نەدەویست تەنیا ئیدارەی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان، تەنها ئەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پێشەوە ببات، تەنها ئەوەی دەویست شەڕی دوژمنەكانی كوردستان بكات، تەنیا ئەوەی دەویست یەكڕیزیی كورد دروست ببێت، تەنیا ئەوەی دەویست میللەتەكەمان ژیانی باشتر بێت، گەورەترین قوربانیشی بۆ ئەم بیروبۆچوونانەی دا”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی وت، “ئەمڕۆ با لەبیرمان بێت كە ئەو بەو تەمەنە گەنجەوە توانی هێزێكی بچوك بكات بەم هێزەی كۆماندۆیە كە ئێستا دەیبینن، ئەو هێزی كۆماندۆیەی كە هەموو نەیار و دوژمنەكانمان لێی تۆقیون، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە شەڕی داعش، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی كە هەمانە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان، رۆڵێكی زۆر زۆر گرنگیشی هەبوو لە رێكخستنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان”.

“كاك ئاكام یەكێك لەوانەبوو كە توانی وابكات یەكێتی بگەڕێتەوە سەر رێبازەكەی جەنابی مام جەلال، ئەو یەكێتییەی كە ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات، یارمەتی كوردستانی عێراق بدات، ئینشائەڵا بە پشتیوانیتان یارمەتی خوشك و برایانمان بدات لە هەر چوار پارچەی كوردستان” سەرۆكی یەكێتی وای وت.

ئەوەشی وت، “ئێمە وەكو هێزی كۆماندۆ، وەكو دژەتیرۆر، وەكو پێشمەرگە بەڵێنمان داوە بە كاك ئاكام كە وەك كاك ئاكام بەرگری لە كوردستان دەكەین بە گیان و خوێنمان، لێرەش ئەو بەڵێنە دەدەین بە خەڵكی كوردستان، یەكێتی زۆر قوربانی داوە بۆ ئازادی بۆ مافی چارەنووس بۆ خاكەكەمان، هەزاران شەهیدمان داوە، كاك ئاكام یەكێك لەو شەهیدانەیە، ناهێڵێن، قەد ناهێڵێن ناوی شەهیدەكانمان ون بێت، ئێمە ئەبێت لەو رێگایە بڕۆین تا دەگەینە ئامانجەكەمان”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، شەهید ئاكام هێزی كۆماندۆی لە خۆی زیاتر خۆشدەویست، بەڵێنی بە هێزی كۆماندۆشدا كە بەهێزتر و گەورەترن بن و بەرەوپێشەوە بڕۆن و “یەكێتی، ئەو كوردستانە دروست بكات كە كاك ئاكام خەونی پێوەدەبینی”.

سەرۆكی یەكێتی روو لە كەسوكاری شەهیدی فەرماندە رایگەیاند، بۆ ئەو ئەڵماسەی داتان بە كوردستان، تا یەكێتی ماوە لە خزمەتتاندا دەبین.

روو لە شەهیدیش وتی، “براكەم ئاكام، خوا وەكیلە یەك دەبینینەوە لە شوێنێكی باشتر”.

دواتر وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب خوێندرایەوە و تیایدا وێڕای ئاماژەدان بە تێكۆشان، ئازایەتی و گیانبازیی شەهید ئاكام عومەر، رۆڵی ئەو فەرماندەیەی لە بەرەوپێشەوەبردنی هێزەكانی كۆماندۆ و هێزی پێشمەرگە بەرزنرخاند.

هەر لە چێوەی رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، وتاری فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا خوێندراوە.

نوێنەری سەرۆكایەتیی هەرێم، یەكێتی و كەسوكاری شەهید، هێزەكانی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە نوێنەر و لایەنە بەشدارەكان تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمی شەهید دانا و دواتر بە رێوڕەسمی سەربازی تەرمەكەی بەرەو فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ بەڕێكرا.

لە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆش بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و باوك و كەسوكاری شەهید، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی نوێژی جەنازە و مەراسیمی تایبەتیان ئەنجامدا و تەرمی شەهیدی فەرماندە بەڕێكرا.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر گەیەندرایە بەر ماڵەكەی خۆی و دواتر بەرەو مزگەوتی (سيد جعفر البرزنجي) بەرێكرا بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەنازە لەسەری، بەر لە بەڕێكردنی بەرەو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و بەخاكسپاردنی.

فەرماندە ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش بە سەختی برینداربوو، ئێوارەی دووشەممە 12ی ئەم مانگە بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا شەهیدبوو.

بابەتی پێشتر

رێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی رۆژی ئاڵا ئەنجامدرا

بابەتی دواتر

راپەڕین..تەرمی پێشمەرگەیەک لەناو شۆفڵێکدا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری پێشمەرگە: دەرفەتێكی لەبار لە بەردەمماندایە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە

وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، “دەرفەتێكی لەبار لە بەردەمماندایە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان”. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە…
Total
0
Share