وەزیری پێشمەرگە: دەرفەتێكی لەبار لە بەردەمماندایە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە

وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، “دەرفەتێكی لەبار لە بەردەمماندایە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان”.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لە وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی باڵای كرد لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژكارانی باڵای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان.

لەو كۆبوونەوەیەدا، پرسی چاكسازی و رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان و هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كۆبوونەوەكە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەكێنزی بەرپرسی تیمی باڵای راوێژكارانی هاوپەیمانان و كۆڵۆنێڵ مایكڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی كونسوڵخانەی ئەمریكا و راوێژكارانی باڵای وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە و وەزیری پێشمەرگە لەو كۆبوونەوەیەدا جەختیكردەوە لە خێراتركردنی پڕۆسەی چاكسازی و پێكەوە كاركردن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە و رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە پڕۆسەی چاكسازی و هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و رایگەیاند، بە هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دۆستەكانمان لە هێزەكانی هاوپەیمانان، هەوڵبدەین هێزەكان رێكبخەینەوە بە ئامانجی دروستبوونی هێزێكی نیشتمانی تۆكمە و رێكخراو و خاوەن دیسپلینی سەربازی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا كە ساڵانێكە لەم پێناوەدا هەوڵی جددی بۆ دەدەین و دڵخۆشین، ویست و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

بابەتی پێشتر

رێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کرا

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی پارەی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share