سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بڕیارێكی نوێی لەبارەی كۆچبەرانەوە دا و دەڵێت، “ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دێنە بەریتانیا، رێگەی مانەوەیان پێنادرێت”.
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، گرتنەبەری رێكاری نوێی بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی راگەیاند و لە وتارێكدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی، رێکار دەگرنەبەر بۆ سنووردانان بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆكەندی ئینگلیزەوە دەگەنە بەریتانیا.
بڕیارە نوێیەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كاردانەوەیە دژی نقومبوونی بەلەمێک و گیانلەدەستدانی ژمارەیەك کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز كە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند، سەدان کارمەندی دیكە تەرخاندەکەن بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی کۆچبەرانی نایاسایی و ئەو دۆسێیانەی داواکاریی مافی پەنابەرێتی کە ژمارەیان زیاترە لە 143 ھەزار داواکاری.