توێژینەوەیەك: نیوەی دانیشتووانی جیهان بەدەست سەرئێشەوە دەناڵێنن و زۆربەشیان ژنانن

توێژینەوەیەكی زانستی دەریدەخات نیوەی دانیشتووانی جیهان بەدەست سەرئێشەوە دەناڵێنن و زۆربەشیان ژنانن.

توێژەرانی توێژینەوەكە كە پێداچوونەوەیان بە 357 بابەتی زانستیدا کردووە تیشکیان خستۆتە سەر بڵاوبوونەوەی سەرئێشە و باسیان لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی كردووە و دەڵێن، سەرئێشە دەتوانێت ئازاربەخش و کەمئەندامکەر بێت.

ئاشكراشیانكردووە، زیادەرۆِیی لە بەكارهێنانی دەرمان و سترێسیش وادەكات خەڵكی تووشی سەرئێشە بن.

لارس جاکۆب ستۆفنەر، مامۆستا لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای نەرویج دەڵێت، “هەرچەندە دەکرێت جیاوازیی هەبێت لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە بەڵام، سەرئێشە نەخۆشییەکی ڕاستەقینەیە”.

ستۆفنەر و هاوکارەکانی 357 بابەتیان دەستنیشانکرد کە لە نێوان ساڵانی 1961 تا کۆتایی ساڵی 2020 بڵاوکرابوونەوە، توانیان داتاکان شی بکەنەوە تا لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی سەرئێشە لە سەرانسەری جیهاندا بكەن.

لە كۆتاییدا تویژینەوەكە دەریخستووە، كە زیاتر لە 52% دانیشتووانی جیهان بەلایەنی كەمەوە ساڵانە جارێك تووشی نەخۆشی سەرئێشەی چالاك دەبن.

هەروەها ئەنجامەکان دەریانخستووە لە 16%ی خەڵک لە سەرانسەری جیهان لە هەر ڕۆژێکدا تووشی سەرئێشە دەبن كە نزیکەی 7% یان تووشی شەقیقە دەبن، نزیکەی 9 %كەی دیكەشیان تووشی سەرئێشەی دڵەڕاوكێ دەبن.

هەر لە توێژینەوەكەدا هاتووە، ڕێژەی سەرئێشە بەپێی ڕەگەز دەگۆڕێت، بەجۆرێک 17%ی ژنان لە ساڵێکی دیاریکراودا تووشی شەقیقە دەبن، بەڵام پیاوان ڕێژكەیان كەمترە و 8.6%ە.

ستۆفنەر و هاوکارەکانی بۆیان دەرکەوتووە کە شەقیقە زیاتر ئەو كەسانە تووشی دەبن كە تەمەنیان لە خوار 50 ساڵەوەیە.

جەختیشی كردووەتەوە، سەرئێشە ڕەنگە چەندین هۆکاری هەبێت لەوانەش بۆ هێڵ “جینات”ی تاکێکەوە تا فشار، کێشەی خەو و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەرمان.

بۆیە ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە،”کێشەی سەرئێشە شتێکە کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێویستە زۆر بە جددی وەریبگرن”.

دەشڵێت، “پێویستە سیستمێکی باش دابنێین کە ڕێگە بە هەموو کەسێک بدات لەگەڵ ئەم نەخۆشیانەدا دەستیان بە چارەسەری باش بگات، تا بتوانن کاریگەرییە نەرێنییەکان کەمبکەنەوە”.

بابەتی پێشتر

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی: هەموو ئیندۆنیسییەكان بوونە خەلیفەمان

بابەتی دواتر

چێڵسی و ئینتەر، بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی (3 بۆ 1)

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share