لیژنە هاوبەشەکانی قەزای رانیە لەناو کارگەیەکی دروستکردنی ترشیاتدا توانیان دەستبەسەر 70 تۆن ترشیاتی ماوە بەسەرچوودا بگرن.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستییەوە، “ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر 70 تۆن ترشیاتی بەسەرچوودا گرتووە کە بە نیازبوون بەسەر هاوڵاتییاندا ساغیبکەنەوە”.
شەماڵ جەلال پسپۆڕی خۆراک بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ترۆزییەی کە لەناو ئەو دەبانەدا هەڵگیراون زیاتر لە ماوەی خۆی لە ناو خوێیاودا ماونەتەوە کە نەک ئەوەی کەڕووی کردووە، بەڵکو سەرجەمیان خراپ بوون و کەڵکی خواردنیان نەماوە”.
لە لایەکی دیکەشەوە کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی رانیە باسی لەوە کرد، “خاوەنی کارگەکە بەنیازبووە ترشیاتەکە بگوازێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینمان بۆ کرد دەرکەوت کە خراپبوون دەستمان بەسەرداگرت”.