هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەمڕۆ دەگاتە “پەناگەی ئارام”، ئەمەش ئەو قۆناغە سەرەكییەیە كە دەنگی ویلایەتەكان دەچەسپێندرێت و تاڕادەیەكی زۆر ڕێگە لە كۆنگرێس دەگیرێت دەستێوەردان بكات.
بەپێی سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەنگدان بۆ سەرۆكی وڵات تاڕادەیەك بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەبێت، تیایدا ژمارەیەكی دیاریكراوی دەنگ بۆ هەر ویلایەتێك لە كۆمەڵەی هەڵبژاردن دیاریدەكرێت پشتبەست بە ژمارەی دانیشتووان، براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو كاندیدە دەبێت كە 270 دەنگی كۆمەڵەی هەڵبژاردن بەدەستدەهێنێت.
“پەناگەی ئارام”یش بە 35 ڕۆژ پاش ڕۆژی هەڵبژاردنەكان دێت و ئەو ماوەیەش بۆ یەكلاكردنەوەی هەر ناكۆكییەك لەسەر ئەنجامەكان تەرخاندەكرێت.
ئەگەریش هەر ویلایەتێك بەر لەو وادەیە ئەنجامەكانی پەسەندكرد، دواتر كۆنگرێس ناتوانێت دەستێوەردان بكات بۆ ڕەتكردنەوەی ئەوەی دەنگدەران لەو ویلایەتە بڕیاریان لەسەرداوە.
ئەمەش ئامادەكاری دەكات بۆ ڕوداوە گەورەكە كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجامبدرێت ئەویش دەنگدانە لەنێو كۆمەڵەی هەڵبژاردن و ناونانی سەرۆكی نوێیە.
زنجیرەی ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە پڕۆسەكە كە زۆرینەی جار بەئارامی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ پێچەوانە بوو دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ،ی سەرۆكی ئێستا ڕەتیكردەوە دان بە شكستی خۆیدا بنێت و سووربوو لەسەر تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە ژمارەیەك لە ویلایەتەكاندا بۆ ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە تیایاندا جۆ بایدن،ی ڕكابەرە دیموكراتەكەی براوەبوو.