كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر خەمباری لەبارەی شەهیدبوونی فەرماندە ئاكام عومەر رادەگەیەنێت و بە کامڵترین نموونەی پێشمەرگەی قارەمان و چاونەترس ناویدەبات.
كونسوڵخانەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بە خەمبارییەکەی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەی ئازا شەهید ئاکام عومەر عوسمان فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆمان پێگەیشت. ئەوپەڕی سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی خێزانەکەی دەکەین.
دەشڵێت، “فەرماندە ئاکام کامڵترین نموونەی پێشمەرگەی قارەمان و چاونەترس بوو و رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هەڵمەتی شکستپێهێنانی داعشدا. لەگەڵ ئەوەشدا، فەرماندە ئاکام هاوبەشێکی کارامە و دڵسۆزی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لە ئەرکی بەردەوامیدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستیەکان دژی هەرێمی کوردستان”.
كونسوڵخانەی ئەمریكا وێرای دەربڕینی ئەوپەڕی هاوسۆزی و خەمباری بۆ شەهیدبوونی ئەو فەرماندەیە، هیوای ئارامی و دڵنەوایی بۆ خێزان و هاوڕێیانی لە ریزەکانی پێشمەرگە دەخوازێت.
ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ كە لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش بە سەختی برینداربوو، ئێوارەی دوێنێ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا شەهیدبوو.