تیمی یەكێتی لە حكومەت: كارێكی ناڕەوایە ناردنی 400 ملیار دینارەكە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس

تیمی وەزاریی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ناردنی 400 ملیار دینارەكە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بووە و كارێكی ناڕەوایە ناردنی ئەو پارەیە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس.

بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی وەزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ‌‎ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لەسەر خەرجكردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای برگەی 23 /ج لە رێككەوتنی سیاسیی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەتی عێراق كە زۆربەی لایەنە سیاسیەكان واژوویان لەسەر كرد و بە راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەك بە ناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێككەوتنەكە بووە كارنامەی كابینەی محەمەد شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و لە ئێستادا بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ‎هەر دەستكەوتێك بۆ گەلەكەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدی هەركەس ولایەنێك بەئەنجامی گەیاندبێت و تیمە وەزارییەكەی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هەمیشە داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتییان بە ئەركی لەپێشینەی خۆی زانیوە، بۆیە بە گەرمیی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەر بۆیە تیمی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێك زانیاری دروست بڵاوبكاتەوە:-
یەكەم:-
شاندی دانوستانی حكومەتی هەرێم كە ئێستا لەبەغدادە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێكهاتووە و گەڕی یەكەمی دانوستانەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە بە سەرۆكایەتیی د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامێتیی د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە كە هەردووكیان لە تیمی یەكێتین لەگەڵ بەڕێزەكانی تری شاندەكە.
دووەم:-
ئەم 400 ملیارە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە كە حكومەتی عێراقییان پێكهێنا بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لە ماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد كۆبوونەوە.
سێیەم:-
دیاریكردنی بڕی 400 ملیارەكەش بۆ مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021 بووە كە ئەوكات شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتيی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی عێراق رێككەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیركرا و ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاریكرا لە رێككەوتنی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر حكومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێكردنەوە وەك هەموو بڕگەكانی دیكەی رێككەوتنەكە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆتاییدا دووپاتیدەكەینەوە؛ مایەی دڵخۆشیی ئێمە و دەستخۆشییەكی زۆرە بۆ حكومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو كەسانەی بەشدار بوون لە دەرچوواندنی ئەم بڕیارە راست و دروستە، بەڵام كارێكی ناڕەوایە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس و لەم بابەتانەش وەك هەمیشە تاكڕەوی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەكان.

لە راگەیەندراوەكەی تیمی وەزاریی یەكێتیدا هاتووە، “ئێمە بە توندی راگەیەندراوەكە كە بەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە دەربارەی 400 ملیار دینارەكە رەتدەكەینەوە، چونكە ئەوەی باسكراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیيە بەرامبەر تیمەكەمان و ئێمە وەك بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتە رایدەگەیێنین كە بە هیچ شێوەیەك ئەوە راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو دووبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو حكومەت و هەر ئەو جۆرە تاكڕەویەشە كە ئێمەی نیگەرانكردووە و وای لێكردووین هەڵوێستمان هەبێت.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا داهێنانێكی گەورەی زانستی لە بواری وزەدا ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

شارێک لەسەر دەریا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی:‏ هێزە ئەمنییەكانم ڕاسپاردووە بۆ دەستگیركردنی ‏ بكوژەكەی چەمچەماڵ و هەر كەسێك كە داڵدەی دابێت

جێگری سەرۆكی سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، “هەموو هێزە ئەمنییەكانم ڕاسپاردووە بە زووترین كات بكوژی ئەندامانی خێزانەكەی چەمچەماڵ، بەهەر…
Total
0
Share