شێخ جەعفەر مستەفا: ماڵئاوایی لە فەرماندەیەک کە سامانی گەلێک بوو ئاسان نییە

جێگری سەرۆكی هەرێم رایدەگەیەنێت، شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر هەمیشە هێزی دەبەخشی بە دەوروبەرەکەی و دەڵێت، ماڵئاوایی لە فەرماندەیەک کە سامانی گەلێک بوو هەروا ئاسان نییە.

شێخ جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەكدا رایگەیاند، بەداخم بۆ ماڵئاوایی تا ئەبەد و شەهیدبوونی گەنجێکی پڕ لە ووزە و خوێنگەرم بۆ ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، ناوێکی دیار و درەوشاوەی ناو هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئەمەک و بەوەفا بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، تێکۆشەرێکی ئازا و بوێر لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەدا، دڵسۆز و پاک لە کار و ئەرکەکانیدا، سادەیی و خاکیبوونی لەگەڵ دەوروبەردا، شەهید فەرماندە ئاکام عومەر.

دەشڵێت، “ماڵئاوایی یەکجاری لە فەرماندەیەکی نزیک لە رۆحم وا ئاسان نیە، هێندەی کوڕێک، هێندەی پێشمەرگەیەک پێگەی لە دڵ و رۆحمدا کردەوە، بەڵام کە خۆی رۆحی بۆ نیشتیمان بەخشیبوو بەر لە شەهیدبوونی، لە ئەمڕۆدا دەبێت بە شانازییەکی پڕ لە مرۆڤایەتی و هێز و وورەی نیشتیمان پارێزیمان بۆ ئێمە و هاوسەنگەرانی” ئەوەش دەڵێت، شەهیدی فەرماندە هەمیشە هێزی دەبەخشی بە دەوروبەرەکەی، هیچ کات سڵی نەکردۆتەوە لە پاراستنی کوردستان، سەرەڕای چەند جارێک لە برینداربوونی لە رووبەرووبوونەوەکانی دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان، سات لەدوای سات زیاتر رۆحی خۆبەخشی دەدایە بەر گیان و جەستەی لەپێناو سەروەری و پاراستنی شکۆی کوردستان.

جێگری سەرۆكی هەرێم دووپاتیشیدەكاتەوە، دڵنیام بە شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت لە سەنگەرەکانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و ناحەزانی گەلی کورد، لە هەمان کاتدا دڵخۆشیشم بەو هێزەی کە لەسەر دەستی ئەم پەروەردە بوونە و گومان لە ئازایی و بوێرییان ناکەم، هێزەکەی بەردەوام دەبێت لە قوربانیدان و گیانفیداییان لە تۆڵەی خوێنی فەرماندە ئازا و دڵسۆزەکەیان کە بۆ خاک و نیشتیمان خۆی کردە قوربانی.

ئاماژەشدەدات، ماڵئاوایی لە فەرماندەیەک کە سامانێکی گەلێک بوو وا ئاسان نییە، ئەو بوو بە سیمبول و سەرمەشقی دڵسۆزی و ئازایەتیی بۆ خاک و نیشتیمان، ئومێدی ئەوەش دەخوازێت “یاد و یادەوەرییەکانت هێزمان پێ ببەخشێت بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی پاک و گیانی پڕ لە ئازایەتیت”.

فەرماندە ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ كە لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش بە سەختی برینداربوو، ئێوارەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئەڵمانیا شەهیدبوو.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی هەرێم سەرەخۆشی لە هاوسەنگەر و كەسوكاری فەرماندە ئاكام دەكات

بابەتی دواتر

پۆستی بۆمبڕێژكراو فەرەنسا دەهەژێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share