بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا کە بەبۆنەی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بڵاویکردەوە رایگەیاند، لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە بۆنەی شەهید بوونی ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، “ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو، ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی، ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت”.
هاوکات باسی لەوەش کرد، “گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە، باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە”.
هەر لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، “درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم، گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین”.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە، “لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە”.