قوباد تاڵەبانی: فەرماندە ئاكام نمونەیەكی باڵای جوامێری بوو

قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی شەهیدبوونی فەرماندە ئاكام عومەر رادەگەیەنێت و دەڵێت، ئەو نمونەیەکی باڵای جوامێری بوو، هەمیشە لە بەرەکانی شەڕدا خۆی دەخستە مەترسییەوە تا هاوسەنگەرەکانی بپارێزێت.

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە پەیامێكدا لەژێر ناوی “ئۆغرت خێربێت فەرماندە ئازاکەی کوردستان” رایگەیاند، کوردستان بەگشتی و هێزی کۆماندۆ فەرماندەیەکی ئازا و دڵسۆزی لەدەستدا، فەرماندە ئاکام بە تەمەنێکی کەمەوە ببووە جێگەی هیوا و ئومێدی هەموومان، ئەو نمونەیەکی باڵای جوامێری بوو، هەمیشە لە بەرەکانی شەڕدا خۆی دەخستە مەترسییەوە تا هاوسەنگەرەکانی بپارێزێت.

دەشڵێت، “رۆحت شاد فەرماندە. دڵنیابە هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانت بە هەمان رۆح و ورە و باوەڕی تۆوە لە خەمی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کوردستاندا دەبن و درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبن کە تۆ لەپێناویدا گیانی ئازیزی خۆت پێشکەشکرد”.

سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دووپاتیشیدەكاتەوە، تۆ بۆ هەمیشە لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی دەمێنیتەوە و دڵنیابە بەهۆی هەڤاڵ و سەنگەرەکانتەوە هەوڵ و ماندوبوونەکانت بێ ئاکام نابێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئەڵمانیا شەهیدبوو.

لە رێکەوتی 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەرپەرشتیکردنی ئۆپراسیۆنێک لە سنووری تاوێر کەوە لەناوچەی پەڵکانە و زینانە لە گەرمیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش چەند بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوە و لە ئەنجامدا فەرماندە ئاكام عومەر بە سەختی برینداربوو، مولازم زوھێر محەمەد شەھید بوو و حەوت پێشمەرگەی دیکەی ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربوون.

لە دوای چەند رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی فەرماندە ئاکام بە مەبەستی چارەسەر گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ شەهیدبوو.

بابەتی پێشتر

فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان: فەرماندە ئاکام بەڵێنەکەی بەجێهێنا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەو خوێنەی شەهید ئاکام بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share