ڕێوییەکەی ئیتاڵیا بە چاوپێکەوتنێک بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی هەژاند

مینۆ ڕایۆلا، هالاند بە جێنشینی ئیبراهیمۆڤیچ لە قەڵەمدەدات

لێپرسراوی کاروبارە کارگێڕییەکانی پاول پۆگبا، مینۆ ڕایۆلا لە چاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری گرنگ و نەبیستراو ئاشکرادەکات، بەهۆیەوە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان جوڵەیەکی گەورە دەکات.

ڕایۆلا کە بە ڕێوییەکەی ئیتاڵیا یان ڕێوی گواستنەوەکان ناسراوە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی ڕاگەیاندووە، ” کاتی پۆگبا لە مانچستەر یونایتد کۆتاییهاتووە، یاریزانەکە بەختەوەر نییە و ماوەیەکی زۆرە بەرپرسانی یانەکەی ئەم ڕاستییە دەزانن، کاتی ئەوە هاتووە لە یانەیەکی دیکە هەناسە بدات، پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانی لە یانەی یوڤانتۆس زۆر باشە، پێموابێت لە ئێستادا بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا هەندێک لە یانەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەیدا دەکەن”.

لێپرسراوە ناودارەکە لەبارەی چەندین یاریزانی بریکارییەوە دەدوێت و دەڵێت، ” پێویستە سۆڵشایەری ڕاهێنەری یونایتد هەوڵبدات بەباشترین شێوە یاری بە پۆگبا بکات نەک باسکردنی هالاند، جگە لەوەش ڕاهێنەرەکە هەڵەیەکی گەورەی کردووە کاتێک ئێرلینگ هالاندی بە ڕۆمێلۆ لوکاکۆی بەلجیکی شوبهاندووە، بریکارەکەم هاوشێوە و جێنشینی زڵاتان ئیبرهایمۆڤیچە نەک لوکاکۆ”.

هەروەها لەبارەی مارکۆ ڤیراتییەوە دووپاتیدەکاتەوە، سەرۆکی پاریس سانت جێرمان عاشقییەتی و مەحاڵە یانەیەکی دیکە بتوانێت گواستنەوەی پێبکات.

شارەزایانی بواری گواستنەوەکان پێیان وایە، لێدوانەکانی ڕایۆلا پەیامێکە، کە هەردوو یاریزان پۆگبا و هالاند لە گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتوو 2021 ئاڕاستەی یانەیەکی دیکە دەکات، بەم هۆیەشەوە یانە زەبەلاحەکان بیر لە گواستنەوەیان دەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

گەیشتنی ستافی یوڤانتۆس بۆ شاری بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

وەزیری دارایی هەرێم: عێراق داوای جێبەجێکردنی یاسای قەرزی لێکردووین و ئێمەش ئامادەییمان نیشانداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share