بە بڕیاری جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سنووری قەزای چەمچەماڵ زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسیدا دابەشكرا كە پێشتر مامەڵەكانیان تەواوكرابوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتیی ڕەمك ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ و بەئامادەبوونی ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی و كۆمكاری زیندانییانی سیاسیی چەمچەماڵ و كەركوك و سلێمانی، لە هۆڵی بۆنەكانی سالار فەقێ محەمەد لە قەزای چەمچەماڵ 150 زەوی بەسەر زیندانیيانی سیاسیی چەمچەماڵ و 68 زەوی لە ناحیەی شۆڕش و 30 زەوی لە ناحیەی تەكیەی كاكەمەند و 12 زەوی لە ناحیەی سەنگاو دابەشكرا كە پێشتر مامەڵەكانیان تەواوكرابوو.
لە وتەیەكیدا قائیمقامی چەمچەماڵ سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد كە فەرمانی دابەشكردنی ئەو زەوییانەی دابوو هاوكات پیرۆزبایی لە سوودمەندبووان كرد و رایگەیاند، “زیندانییانی سیاسیی شایستەی هەموو خزمەتێكن هیوای خواست ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ بتوانن لە داهاتوودا زەوی بەسەر هەموو ئەو كەسانە دابەشبكەن كە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە”.