سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی زۆر جیاوازە لە حکومەتەکانی دیکە، زۆر بە سیاسی کراوە و دەشڵێت، بە دیفاكتۆ ئەو دۆخەی هەرێم كە ئێمە تێیداین “لە راستیدا دوو ئیدارەییە”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتی (ڕاپۆرتی نەوتی عێراقی- Iraq oil report) باس لە تێکچوونی دۆخی سیاسیی ناوخۆی کوردستان و كاریگەرییەكەی لەسەر هەردوو پرسی پەرەپێدانی غاز و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدادا لەسەر پرسی نەوت دەكات.
لە چاوپێكەوتنەكەدا كە لە ماڵی مام لە بەغداد ئەنجامیداوە بافڵ جەلال تاڵەبانی رەخنەی توندی لە پارتی گرت بەهۆی راگرتنی پارە بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی و وتی، به دیفاکتۆ “هەرێم دوو ئیدارەیە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت سلێمانی خۆی بودجەی خۆی دابینبکات”.
سایتەكە نووسیویەتی، یەکێک لە زیانەکانی ئەم دۆخە، دژایەتیكردنی پلانەكانی حکومەتی هەرێم بووە بۆ دروستکردنی بۆری نوێی غازی بۆ هێنانی سەرچاوەی زیادە بۆ وێستگەکانی کارەبا، تۆڕێک کە دەتوانرێت بۆ ئاسانکاریی هەناردەکردنی داهاتوو بۆ تورکیاش بەکاربهێنرێت.
دەشڵێت، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستەکەی بە کۆمپانیای (KAR Group)ی نزیك لە پارتی بەخشی، هێزە ئەمنییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی رێگرییان لێكرد. سەرۆكی یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە کە بەشێوەیەکی شەخسی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەوپێیەی گرێبەستەکە بەبێ “هیچ پرۆسەیەک” و “بێ تەندەر” دراوە بە گروپی كار.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەیەوێت بەشداربێت لە بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە کەرتی وزە بەڵام پارتی دەیەوێت بە غیابی یەكێتی و هاوبەشەکانی کاربکات.
سەرۆكی یەكێتی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا وتی، “لە ئامادەنەبوونی پارتی بۆ کارکردن لەگەڵ بەغداد تێناگەم” كە بۆچی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و راست کارناکات، نمونەی ئەوەشی هێنایەوە كە “بە تەنها بەسرە هەزار جار دەوڵەمەندترە لە هەموو کوردستان”.
هەر سەبارەت بە دۆخی هەرێم بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی زۆر جیاوازە لە حکومەتەکانی دیکە، ئەم حکومەتە “زۆر بە سیاسی کراوە” و وتی، “یەکێک لە وەزیرەکانم پێیوتم، پێشتر کە بەڕێوبەری گشتی بووم، بە چاوەڕوانیی زۆرەوە دەمویست ببمە وەزیر، بەس ئێستا پەشیمانم، ئەمە هەمووی بەهۆی بە سیاسیکردن و بە مەرکەزیی کردنی کابینەکەوەیە”.
جەخت لەوەشدەكاتەوە، “پێموایە ئیتر کات نەماوە بۆ ریفۆرم، پرۆژە، چاکسازی، حکومەت چوار ساڵی خۆی تێپەڕاند و ئەوەی هەیە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەرە”.
“وا دەردەکەوێت کە دیوارێک لەنێوان ئێمە و سەرۆکوەزیراندا هەبێت، دەمانەوێت وەزیرێک بگۆڕین نایکەن، بەڕێوبەرێک بگۆڕین نایکەن، وەزیرێک دەستلەکاردەکێشێتەوە نایکەن، زۆر زۆر قورس بووە” سەرۆكی یەكێتی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەی پێدا.
وتیشی، “جیاوازییەكی زۆر دەکرێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی، لە پرۆژە و خزمەتگوزاری و مووچە و پارەی دەرمان و پێشمەرگە و کۆمپانیاکان” ئەوەشی وت، “ئەوەی ئێمە تێیداین لە راستیدا دوو ئیدارەییە”.
هەروەك باس لە دۆخی دەروازە سنوورییەكان دەكات و دەڵێت، بەهۆی دەروازەی مونزرییەوە، دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، هەموو بازرگانییە گەورەکان لەوێوە دەڕوات، لە حاجی ئۆمەرانیش بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، ئەوێ کراوە بە دەروازەی سەرەکیی ئێران بۆ هەرێم، لەناو حکومەتیشدا کەسانێک هەن رێگری لە بازرگانان دەکەن تا لە باشماخ و پەروێزخانەوە بازرگانی بکەن، بەڵام پارتی حاجی ئۆمەرانی هەیە، ئیبراهیم خەلیلی هەیە کە گەورەترین دەروازەی تورکیایە بۆ عێراق نەک تەنها هەرێم، هەروەها چەند مەرزێكی دیكەیشی هەیە کە “کەس هیچیان دەربارە نازانێت”.
جگە لەوە پاڵاوگەش هەیە داهاتی دیارنییە وەک عەین زالە، بەردەوام ئیشی تیادەکرێت و نازانین بۆ کوێ دەڕوات، بافڵ جەلال تاڵەبانی وا دەڵێت و ئاماژە بەوەشدەكات، لە دوای کۆچی مام جەلالەوە، لەلای پارتی رێککەوتننامەی ستراتیژی کۆتایی پێهاتووە.
جگە لەوە پاڵاوگەش هەیە داهاتی دیارنییە وەک عەین زالە، بەردەوام ئیشی تیادەکرێت و نازانین بۆ کوێ دەڕوات، بافڵ جەلال تاڵەبانی وا دەڵێت و ئاماژە بەوەشدەكات، لە دوای کۆچی مام جەلالەوە، لەلای پارتی رێککەوتننامەی ستراتیژی کۆتایی پێهاتووە.
لە بەشێكی دیكەدا باس لە دەرماڵەی خوێندكاران دەكات و دەڵێت، حکومەت “بە ئەنقەست پارەی خوێندکاران خەرج ناکات” نەک لەبەرئەوەی داهاتی نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانانە لە سلێمانی رووبدەن.
سەرۆكی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، دژە تیرۆر کە باشترین و پرۆفیشناڵترین هێزی تایبەتی عێراقە، بەیانییەک هەڵدەستین دەبینین بودجەکەیان بڕاوە، لەکاتێکدا ئەوان هێشتا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان و هەفتانە گورز لە داعش دەدەن، ئەمە هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە، بەس ئەوەیە یەکێک خەبەری دەبێتەوە و دەڵێت بەمشێوەیە فشار لە یەکێتی دەکەم.
لە كۆتایشیدا ئاماژە بەوە دەكات، دۆسیەی ئەژی ئەمین پیشانیدا کە یەکێتی چەند دان بە خۆیدا دەگرێت و راناکیشرێتە ناو ئەم کارە گەمژانە.
بۆ خوێندنەوەی دەقی چاوپێكەوتنەكە بە زمانی ئینگلیزی كلیك لێرە بكە.