ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئایدزە، لە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا 54 حاڵەت تۆمارکراون

ساڵانە 1/12/2022 وەک رۆژی جیهانیی ئایدز “HIV” دیاریکراوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە 11 مانگی ئەمساڵدا 54 حاڵەت تۆمارکراون.

دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە یانزە مانگی ئەمساڵدا لە هەرێم 538 پشکنینی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ئایدز کراوە، لەو ژمارەیە 54 پشکنینیان پشتڕاستکراونەوەتە کە تووشبووی ئایدزن.

وەزیری تەندروستی وتی، ئەو ژمارە نوێیەی تۆمارکراوە 40 حاڵەتیان بیانی بوون و ئەوانی دیکە عێراقی بوون.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر وتی، لە ساڵی 2014ـەوە لە پارێزگای هەولێر 28 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون، کە 18یان بیانین و رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و شەش حاڵەتیشیان خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق بوون، بەڵام لە هەولێر نیشتەجێ بوون، سێ لە تووشبووانیش خەڵکی هەولێر.

ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لە هەولێر 28 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشیی ئایدز هەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە پارێزگای سلێمانی 19 حاڵەت، لە دهۆک حەوت حاڵەت هەن و لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ تووشبوویەکی ئایدز تۆمارنەکراوە.

وەزیری تەندروستی باسی لەوەکرد، لە ماوەی ساڵێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی ئایدز لە جیهاندا تۆمارکراون، بە گشتی ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن کەس وەکو هەڵگری ڤایرۆسی HIV هەن و چارەسەر وەردەگرن.

ئایدز یان “HIV” نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، کە دەبێتەهۆی لاوازبوون و نەمانی بەرگریی لەش لە کەسی تووشبوودا بەهۆی شیبوونەوە و تێکشکانی سیستمی بەرگریی جەستە، ڕێگای گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بریتیین لە، سێکسکردن، بەکارهێنانی کەلوپەلە پزیشکییە پیسبووەکان بە ڤایرۆسەکە وەک سرنج و دەرزی، هەروەها لە ڕێگەی خوێنی پیسبوو بە ڤەیرۆسەکەوە دەگوازرێتەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەوەی ئێمە تێیداین لە راستیدا دوو ئیدارەییە

بابەتی دواتر

لە گەشتێکی قوتابخانەدا ژمارەیەک خوێندکار برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share