خالید شوانی: لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دروستكرایەوە

خالید شوانی رایدەگەیەنێت، دروستكردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە یەكێك بوو لە داواكارییە سەرەكییەكانی یەكێتی پێكهێنرایەوە و لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا كارەكانی دەستپێدەكاتەوە.

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق و ئەندامی پێشووی شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە چوارچێوەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەپێی رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان، یەکێک لەو داواکارییە سەرەکییانەی لەلایەن شاندی دانوستانکاری یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رێککەوتنی سیاسی جێگیرکرا و خرایە بەرنامەی حکومەت، سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستوور بوو کە لە ساڵی 2014ەوە پەكیكەوتبوو.

وتیشی، “لەدوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و تیمەکەی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دروستکرایەوە”.

لیژنەکە لەماوەی 10 رۆژدا کارەکانی خۆی دەستپێدەکاتەوە و بودجەی خەمڵێنراوی خۆی دەداتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا جێگیربکرێت، خالید شوانی وای وت.

ئەوەشی وت، لێرەوە جێبەجێكردنەوەی ماددەی 140ی دەستوور دەچێتەوە سەر رێڕەوی خۆی.

وتەكانی شوانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بوو كە ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری و میوانداریی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە ماڵی مام لە بەغداد بەڕێوەچوو.

ماددەی 140ی دەستوور تایبەتە بە ئاساییكردنی بارودۆخی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەموو ئەو ناوچانەی هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای لە سەردەمی رژێمی بەعسی پێشوودا تیا ئەنجامدراوە.

پێشتر لیژنە باڵاكە چەند هەنگاوێكی بەپێی ناوەرۆكی ماددەكە لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، بەڵام نزیكەی 10 ساڵە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەكە پەكیكەوتووە، بەپێچەوانەوە ناوچەكان جارێكی دیكە كەوتوونەتەبەر شاڵاوی تەعریب.

بابەتی پێشتر

هەڵوێستی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) سێلیساو به‌ زه‌حمه‌ت سویسرای تێپه‌ڕاند و بلیتی (16)ی مۆندیالی بڕی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەدەل بەرواری ئازادكرا

مامۆستا بەدەل بەرواری یەكێك لە چالاكوانە بەندكراوەكانی بادینان ئازادكرا و كەمێكی دیكە دەگاتەوە دهۆك و پارێزەری چالاكوانان دەڵێت،…
Total
0
Share