بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، بەردی بناغەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان لە سنووری زاخۆ دانراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواودەکرێن.
شڤان عەبدی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، ” لەکۆی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان دروستدەکرێن، 892 یەکەیان دەکەونە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە دوو قۆناغ دروستدەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لە قۆناغی یەکەمدا، 576 یەکە لە کەرتی تلکەبەر و لە قۆناغی دووەمیش 316 یەکە لە کەرتی سەلکا دروستدەکرێن و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا، تەواو بکرێن”.
باسی لەوەش کرد، “446 یەکە لەکۆی ئەو 892 یەکەیەی کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستدەکرێن، رووبەریان 100 مەتر دووجایە و 446 یەکەکەی دیکەش، رووبەریان 120 مەتر دووجایە کە تێچووەکانیشیان 48 ملیار و 82 ملیۆن دینارە”.