بۆچی کۆنتی یاری بە ئیرکسن ناکات؟ کار گەیشتووەتە سوکایەتیکردن

ئەنتۆنیۆ کۆنتی پێویستی بە تواناکانی ئیریکسن نییە و هەوڵدەدات ڕەوانەی یانەیەکی دیکەی بکات

ڕاهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ کۆنتی بەتەواوی کریستیان ئیریکسنی دانیمارکی لە پلانەکانی دوورخستووەتەوە و لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەدا بەهۆی بەشداریکردنیەوە کێشە لەنێوان هاندەران و ڕاهێنەری ناوبراو دروستبوو.

لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەدا ئینتەرمیلان بە ئەنجامی سێ گۆڵ بە گۆڵێک بردنەوەی بەرانبەر بۆلۆنیا تۆمارکرد، لە ڕووەکانی تاکتیکی و هونەرییەوە یاریزانانی نێراتزۆری بەهێز دەرکەوتن، یەکێک لە خاڵە ئەرێنیەکان گەڕانەوەی ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری باڵی ڕاست بوو کە دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەوەش سەرەداوێکە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرانبەر شاختار کە بەرگریکارە مەغریبیەکە بەشداردەبێت و شێوازەکە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەری دەگۆڕێت.

خاڵی نەرێنی یارییەکەش بریتیبوو لە ئاڵوگۆڕکردنی کریستیان ئیریکسن لە کاتی زیادکراوی تایمی دووەمدا، ئەوەش ناڕەزایی زۆرینەی هەوادارانی نێراتزۆری لێکەوتەوە و پێیان وایە کۆنتی ڕاهێنەر سوکایەتی بە یاریزانێک کردووە کە شایستەی سوکایەتی پێکردن نییە.

ئیریسکن 11 مانگ لەمەوبەر بەبڕی 20 ملیۆن یورۆ لە تۆتنهامەوە پەیوەندی بە ئینتەرەوە کرد، ساڵانە حەوت ملیۆن یورۆ موچە بەدەستدەهێنێت، بەڵام شێوازی یاریکردنی کۆنتی وا دەخوازێت ئەم یاریزانە لە پێکهاتەکاندا بوونی نەبێت.

بۆچی دووردەخرێتەوە؟

کۆنتی بە شێوازی 3-5-2 یاریدەکات و ئەم شێوە پلانەش جێگەی ناوەندکارێکی کلاسیکی تاکتیکی تیادا نابێتەوە، ئیریسکن لە چوار یارییدا سەرەکی بەشداریکردووە کە کۆتاییەکەی بەرانبەر فیۆرنتینا لە خولەکی 64 ئاڵوگۆڕی پێکراوە و سیسنی جێگەی گرتووەتەوە، ئەنجامەکە لە (3-2) بۆ (3-4) لەبەرژەوەندی نێراتزۆری پێچەوانەبووەتەوە.

لە هەر چوار یارییەکەدا و لەدوای ئاڵوگۆڕی ئیریکسن ئینتەر بەهێزەوە گەڕاوەتەوە، ئەم دەرەنجامەش کۆنتی ناچارکردووە پشتی پێنەبەستێت، بگرە هاوشێوەی ناینگۆلان بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان: مانگی داهاتوو پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

لە ئینگلتەرا چێڵسی بووەتە جێی مەترسی زەبەلاحەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share