حكومەتی هەرێم “بە توندترین شێوە” سەركۆنەی هێرش و بۆردومانەكان دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی بۆ توندوتۆڵکردنی رێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و رێکارەکانی سەلامەتی دەدات، سەرەڕای ئیدانەكردنی هێرش و بۆردومانەكانیش داوایەك ئاراستەی حكومەتی ناوەند و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی تیمی یەكێتی كۆبووەوە، لە بڕگەی یەكەمدا گفتوگۆ دەربارەی توندوتۆڵکردنی رێنمایی، بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و رێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان لەپێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتییان کرا.

سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هەردوو رووداوەكەی سلێمانی و دهۆكی کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی روودانی ئەو کارەساتانە بکەن و هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەیان، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

پاشان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ راپۆرتێکی بەرفراوانی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەردوو رووداوەکەی سلێمانی و دهۆک خستەڕوو کە تێیدا چەندین پێشنیار و راسپاردەی پێویستی لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە سیستەمی شۆڤاژ و LPGی و گرتنەبەری رێکاری جدیی و پێویست بۆ توندوتۆڵکردنی رێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و رێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان و دابینکردنی پێداویستی دامەزراوەکانی بەرگری شارستانیی و شارەوانی و تەندروستیی، بەتایبەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەماهەنگيی قەیرانەکان JCC لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تێدا بوو تا بەشداری کارابکەن لە بەهاناوەچوون لە کاتی هەرجۆرە رووداوێکی گەورە و کارەساتی سروشتی.

ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ راسپاردە و پێشنیارەکانی وەزیری ناوخۆی پەسەندکرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ جێبەجێکردنیان.

هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرە، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دارا رەشید وەزیری پلاندانان و هەروەک لە کۆنووسی لیژنە وەزارییەکەش جەختی لەسەر کرابوو، ئەنجومەن بڕیاریدا دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندان رابسپێرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە گوێرەی پسپۆڕی، لە خاڵە سنوورییەکان، ئەو پشکنینانە بە گوێرەی ستاندارد ئەنجامبدەن و رێگری لە هاوردەکردنی کەلوپەل و تانکی غاز بکەن کە بۆ سیستمێکی سەلامەت ناگونجێن. هەروەها دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی چالاک بکرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەکی بۆ دابینبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و چاودێرییەکی توندی کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆڵ سەر بە کەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان بکات.

سەرەڕای راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە راهێنان و مۆڵەتی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەیمانگەی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێکخستنی کۆرس و خولی تایبەتمەند بەم بوارە بۆ راهێنانی وەستا كرێکار و ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە بواری دامەزراندنی سیستمی شۆڤاژ و LPG کار بکەن. هەر کەسێک بیەوێ لەم بوارەدا کاربکات، دەبێ خول ببینێت و مۆڵەتی پیشەیی بەدەستبهێنێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پشکنین بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا پشکنینی سامپڵی غازی شل بکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و نوێنەرانیان لە لێژنەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا کە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجومەنی وەزیران، لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەیدا “بە توندترین شێوە” سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات کە رێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر ڕێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، رێگەی نەداوە و رێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێکبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش رەتدەکاتەوە کە لەمبارەیەوە دەکرێن، چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە راستییەوە دوورن.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە مۆڵەتی دایەنگەکان، کە لە لایەن کوێستان محەمەد کاروکاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی وەزارەتەكەی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان پەسەندکرد.

بابەتی پێشتر

سەڵاحەدین بەهادین: جێبەجێنەكردنی بڕیاری دادگا پشتگیریكردنی بكوژە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئەڵمانیا بەرامبەر ژاپۆن شکستیهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەی چەند فەرمانگەیەکەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەسەر موچەی بەڕێوبەرایەتییەکانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ڕونکردنەوەکانی وەزارەتی…
Total
0
Share