شەوی ڕابردوو فڕۆکەکانی تورکیا ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد، بە بیانووی بۆردوومانکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچانە.
بەپێی میدیاکانی تورکیا لە هێرشەکاندا 50 فڕۆکەی سەربازی و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشدارییان پێکراوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا هێرشەکەی ناوناوە، “چنگی شمشێر” بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، پشبەست بە مافی بەرگری لە خۆکردن کە لە بڕگەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هێرشەکەیان دەستپێکردووە.
لە دوای هێرشەکە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 12:00هێرشەکان دەستیانپێکردووە و سارۆچکەی دێرک لە پارێزگای حەسەکە بۆردومانکراوە، کە پێگە سەربازییەکان و ناوچەی سڤیلیشی بۆردومانکردووە.
مەزڵوم عەبدی وتی، کە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لەناو هێزەکانیاندا هەن.