بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد لەگەڵ سابت محەمەد سەعید عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق كۆبووەوە.
لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەكان و ڕێوشوێنەكانی ڕیشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش تاوتوێكران و جەخت لە هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرایەوە بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەكە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرد و وتی، دۆخی ئەمنیی عێراق وادەخوازێت هەموومان هاوكار و هەماهەنگ بین لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و هاوڵاتییانمان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەند پڕۆژەیەكی هاوبەش لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و زیاتركردنی كردە سەربازییەكان گەڵاڵەكران و هەردوولا هاوڕابوون كە پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت كاری لە پێشینە بێت.