نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە ئەرکی خۆم هەستاوم و نامەم بۆ پەرلەمان ناردووە، لە ئێستاشدا کە بڕیاردراوە ماوەی پەرلەمان درێژکراوەتەوە بۆ ساڵێک پێویستە لە ماوەی ئەم ساڵەدا ئەنجامبدرێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئەنجامیدا رایگەیاند، “هاتنی ئەمڕۆی ئێمە بۆ سلێمانی بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی بوو لەو کارەساتەی لەم شارەدا روویدا، کە هەر یەکێکمان لە ماڵی خۆمان خاوەنی ئەم پرسەیە بووین، رووداوێکی قورس و ناخۆش بوو”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “حکومەت لێکۆڵینەوەی ورد دەکات لە بارەی تەقینەوەکە بۆ ئەوەی بزانین سەرچاوەکەی چی بووە، بۆ ئەمە روویدا، هیوادارم ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە ئاسایشی خەڵکەوە هەیە بە سەرنجتر لەسەریان رابوەستین، حکومەت بە دڵنیاییەوە هەڵوێستە لەم رووداوەکە دەکات و چی پێویست دەکات دەیکات بۆ ئەوە”.
باسی لەوەش کرد، “من وەک سەرۆکی هەرێم وەک ئەرکی خۆم نامەم بۆ پەرلەمان ناردووە، هیوادارم حیزبەکان لەسەر ئەو پرسە رێکبکەون، ماوەی ساڵێک پەرلەمان درێژکراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێت لەماوەی ئەم ساڵەدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت”.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، “بەبێ ئەوەی یەک دەنگ بین ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەم هەرێمە بەدەستبهێنین، دەبێت بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لە پێشی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی بێت، بە دڵنیاییەوە هەوڵی جدی دەدرێت بۆ چارەسەری کێشەکان بە دیالۆگ، سەردانی یەکێتیی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دەکەین”.