نێچیرڤان بارزانی لەسەر سزای دەستگیرکراوەکانی بادینان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ دەستگیرکراوەکانی بادینان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوە کۆتا بڕیار نییە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ 18 ی شوبات ڕایگەیاند، ” بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە”.

سەرۆکی هەرێم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، ” لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە”.

نێچیرڤان بارزانی نوسیویشیەتی، ” گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت، پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه‌ له‌ سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت، دادگا و دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمدا ئاماژە بەوەشکراوە، ” داوا لە هه‌موو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له‌‌ دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ريى یاسا، وا ده‌كات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنيا نه‌بێت. با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەو سەكۆیانە دۆزرانەوە كە بە ئاڕاستەی هەرێمدا موشەكیان لێوە تەقێندرابوون

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشكرایكردووە، ئەو سەكۆیانە دۆزراونەتەوە كە لێیانەوە موشەك بە ئاڕاستەی هەرێم تەقێندرابوون. لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی…
Total
0
Share