بڕیارە لە دوای تەوابوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی 14 لە قوربانیانی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی، تەرمی یەکێکی دیکەیان رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە و لەوێ بەخاکبسپێردرێت.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستییەوە، “بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا تەرمی 14 لە قوربانیانی رووداوی تەقینەوەکەی شەوی پێنجشەممەی سلێمانی لە گۆڕستانی کەڵەکن لە تەنیشت یەکتر بەخاکبسپێردرێن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “تەرمی حسێن گوڵگار، ئەو وەستای شۆفاژەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا لەو گۆڕستانە بەخاکناسپێردرێت و رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە”.
یەکێک لە مامۆستا ئاینییەکانی بەشداربوو لە رێورەسمەکە بە ئێستای راگەیاند، “ئەگەر پەلەمان لێنەکەن ئەمڕۆ هەمووان بەشداری لە بەڕێکردنی تەرمی ئەو قوربانییەش دەکەین، گەر پەلەشیان بوو هەر ئەمڕۆ بگەڕێنەوە ژمارەیەکمان لەگەڵیاندا دەبین تا سەر سنوور”.
حسێن گوڵکار، وەستای شۆفاژ، خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە کاتی رووداوەکە سەرقاڵی کاری چاککردنەوە بووە لە سیستەمی غازی ماڵی حاجی مەزهەر، هاوسەرەکەشی لە هەمان ماڵ میوان بووە، بەو هۆیەوە خۆی لەگەڵ 14 ئەندامی ئەو خێزانە گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەی و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.