تەندروستیی سلێمانی: کێشەی دەرمان بەردەوامبێت ناچاردەبین هەندێک لە نەخۆشخانە و بەشەکان دابخەین

کێشەی کەمبوونەوەی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ماوەی ساڵێکە بەردەوامە بەڵام ئێستا دۆخەکە بەرەو کۆتاییهاتن و نەمانی دەرمان تەنانەت لە بەشە فریاگوزارییەکانیش دەچێت، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، “ئەگەر بەمجۆرەبێت ناچار بەداخستنی هەندێک بەش و نەخۆشخانە دابخەین”.

لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە کێشەی کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دەستیپێکردووە و قەیرانەکە لەدوای بڕیارێکی وەزارەتی دارایی بۆ کەمکردنەوەی پێشینەی کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ 2% سەریهەڵدا و ئێستا لە نەمانی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان نزیکبوونەتەوە.

لەوبارەیەوە دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “کێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی دۆخێکی لەناکاو و کتوپڕ نییە، بەڵکو درێژەی کێشاوە و گەیشتووە بەوەی ئێستا هەیە، لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە ئەو کێشەیە سەریهەڵداوە و کەڵەکەبووە.

بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری گستیی تەندروستیی سلێمانی، کێشەکە لەدوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی داراییەوە قوڵبووەوە کە بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی دارایی بڕیارەکەیداوە و سەرەتا لەنەخۆشخانەی هیواوە دەستیپێکردووە و دواتر نەخۆشخانەکانی دیکەش تووشی هەمان قەیران بوون، “تاوەکو گەیشتووە بەو ئاستەی ئێستا کە زۆرینەی ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە بەشە فریاگوزارییەکان پێویستمان پێیەتی بەرەو نەمان دەچێت”.

هۆکاری کێشەکەی بۆ نەبوونی نەختینە لە بانکەکان گێرایەوە کە کۆمپانیاکان ناتوانن ئەو پێشینەیە بەشێوەی مانگانە وەربگرنەوە ئەمەش کەڵەکە بووە هاوشێوەی ساڵی 2015 کە بڕە پارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لای حکومەت بووبە قەرز.

وتیشی، کۆمپانیاکان ئێستا ئامادەنین جارێکی دیکە گرێبەستی هێنانی دەرمان لەگەڵ حکومەت واژووبکەن، بەهۆی ئەو کێشەیەی لە دابینکردنی پێشینەکانیان دروستبووە لەماوەی ڕابردوودا.

“یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کە لەساڵی 2022دا دەسەڵاتە داراییەکان زۆر دواکەوتن ئەگەرنا ئێمە لیژنەیەکمان هەیە بەناوی “لیژنەی 25%” دەیانتوانی خزمەتگوزارییە خێراکان دابینبکەن، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی دەسەڵاتەکان ڕەزامەندی نەدراوەتە لیژنەکە” دکتۆر هێرش، وایوت.

جەختیکردەوە، ئەگەر ئەو لیژنەیە چالاکبکرێت دەتوانن ئەو دۆخە بەجۆرێک چارەسەربکەن تاوەکو واژووکردنی گرێبەستی نوێ، ئەویش بەومەرجەی کۆمپانیاکان ئامادەبن گرێبەست واژووبکەن، ئەگەرنا قەیرانێکی قوڵتر و خراپتر لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا دورستدەبێت.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەوەکرد، “بەهەر ڕێگەیەک بێت ناهێڵین شوێنە فریاگوزارییەکان دابخرێن، بەڵام ئەو نەخۆشخانە و شوێنانەی کە نەخۆشی ساردیان تێدا دەمێننەوە ئەگەر پێداویستییەکانیان تێدا نەمێنێت ناچارین دایانبخەین”.

بەرپرسە تەندروستییەکەی سلێمانی وتی، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوابێت و دەرمان نەمێنێت لە نەخۆشخانەکان، “نەخۆشخانەکانمان وەکو هۆتێلیان لێدێت”.

پێشتر ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، گرفتی كەمی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكانیان بۆ دروست بووە و لەو بارەیەوە فشارێكی زۆریان لەسەرە، بۆیە ناچارن ئەگەر تا هەفتەیەكی دیكە دەرمان و پێداویستییەكانیان بۆ پڕنەكرێتەوە، ناچارن نەخۆشخانەكە دابخەن.

بابەتی پێشتر

بایكۆتی مامۆستایان لە هەڵەبجە دەستیپێكرد.. بەهۆی دواكەوتنی مووچەوەیە

بابەتی دواتر

ژاپۆن هەوڵی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمیی ئەمریكی لەسەر خاكەكەی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share