ڕۆژنامەیەك ئاشكرایدەكات.. وردەكاری ڕۆژانی كۆتایی ترەمپ لە كۆشكی سپی

دوا ڕۆژەكانی لە كۆشكی سپی بەڕێدەكات

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بەشێك لە وردەكاری ڕۆژانی كۆتایی مانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاشكرادەكات، كە بڕیارە پاش نزیكەی مانگ و نیوێكی دیكە بۆ جۆ بایدن-ی سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی جێبهێڵێت.

ڕۆژنامەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی كانونی یەكەم لەسەر زاری ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی سەرۆكەوە بڵاویكردەوە، ترەمپ دووركەوتوەتەوە لە ئەركەكانی و لەو چوارچێوەیەشدا گرفتی تەندروستیی وڵات بەهۆی پەتای كۆرۆنا و كێشە ئابورییەكانی پشتگوێخستووە.

هەروەك بەشێكی زۆری ئەو كۆبوونەوانەی هەڵوەشاندوەتەوە كە پێشتر كاتیان بۆ دیاریكراوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان نییە بە هەوڵەكانی تایبەت بە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، كە تائێستا دانپیادانانی و بڕیاردانی بەوەی جۆ بایدن-ی ركابەری براوەیە ڕەتدەكاتەوە.

سەرۆك بەشێك لە كاتەكانی تەرخانكردووە بۆ پاداشتكردنی هاوڕێكانی و وەلانانی ئەوانەی كە پێیوایە دڵسۆزی نەبوون، سەرەڕای سزادانی لیستێك كە لە ڕیزی دوژمن دایناون، لەنێویشیاندا حاكمە كۆمارییەكانی ویلایەتەكان، لەگەڵ كەناڵی Fox News كە پێشتر یەكێك بوو لە كەناڵە ویستراوەكانی.

بەشێكی دیكەی ڕۆژانەی ترەمپ پەنابردنەبەر نوسینی تویتە، بەپێی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە سەرۆك لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 145 جار تویت یان ڕیتویتی كردووە، كە لە زۆرینەیدا هێرشیكردووەتەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، تەنها چوار جار باسی لە پەتای كۆرۆنا كردووە.

ڕۆژنامەكە ڕوونیشیكردوەتەوە، ترەمپ تائێستا لە دۆخی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندایە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دەنگۆی بێ بەڵگە سەبارەت بە ڕودانی ساختەكاری كە بوبێتە هۆی بردنەوەی بایدن.

نەك تەنها ئەوە بەڵكو وەك ئەوەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردوەتەوە، سەرۆكی ئەمریكا بەپێچەوانەی پێشینەكانییەوە تائێستا پەیوەندی بە سەرۆكی هەڵبژێردراوەوە نەكردووە و بانگێشتی سەردانكردنی كۆشكی سپی نەكردووە كە زۆرینەی جار پاش كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی دەكرێت.

هەروەها ترەمپ نایەوێت بەشداری لە مەراسیمی دانانی بایدن-دا بكات ئەمەش دەیكاتە یەكەم سەرۆك لە ساڵی 1869ەوە كە بەشداریكردن لە گرنگترین مەراسیمی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات ڕەتدەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

پیاوێکی ئێرانی لە باخچەی ماڵەکەیدا گڵکۆیەکی بۆ مارادۆنا دروستکردووە

بابەتی دواتر

لیل 2-1 مۆناکۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share