ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری پەیوەستە بە مانەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە پۆستەكەی و جەختیشدەكاتەوە، “لەم قۆناغەدا سفری سەر دراوی عێراقی لانادرێت”.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشتر پرسیارمان ئاراستەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كرد سەبارەت بە هۆكاری دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری كە بە چەند خاڵێك روونیكردەوە، بەڵام دەركردنی ئەو دراوە نوێیە پەیوەستە بە مانەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كە ئەگەر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە ئەوا رەنگە دراوی 20 هەزار دیناری دەربكات و ئەگەر كەسێكی دیكە لە شوێنەكەی دابنرێت رەنگە بە پێویستی نەزانێت ئەو دراوی 20 هەزار دینارییە دەربكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەم قۆناغەدا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار جێگیرنییە و سفری سەر دراوی عێراقی لانابرێت و ئەگەر سفری سەر دراو لاببرێت تێچوویەكی زۆر لەسەر حكومەتی عێراق دەكەوێت بۆیە لەم قۆناغەدا بیر لە لابردنی سفری سەر دراو ناكرێتەوە.