توێژینەوەیەكی نوێ: چڕیی سپێرمی پیاوان لە سەرتاسەری جیهاندا دابەزیووە

توێژینەوەیەكی گەورە كە سێشەممە ئەنجامەكەی بڵاوكرایەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی چڕیی سپێرم، كە یەكێك لە هۆكارەكانی پیتاندن لای نێر، لەم چەند دەیەی دواییدا لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەكی گەورە دابەزیووە.

لە توێژینەوەكەدا كە گۆڤاری (هیومان ریبرۆداكن ئەبدەیت) ئەنجامەكەی بڵاوكردووەتەوە و هەڵسەنگاندێك بۆ نزیكەی چل توێژینەوەی پێشوو لەسەر هەمان پرس لەخۆدەگرێت، تیایدا هاتووە، “چڕیی سپێرم بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە لەنێوان ساڵانی 1973 و 2018دا”.

ئەنجامی توێژینەوەكە، هەمان دەرئەنجامی توێژینەوەیەكی پێشوو دەسەلمێنێت كە تیمێك بە سەرۆكایەتی زانای ئیسرائیلی هاگای لیڤین ئەنجامیاندا.

ئەو توێژینەوەیە كە ساڵی 2017دا بڵاوكرایەوە رەخنەی زۆری رووبەڕووكرایەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئەنجامەكانی پەیوەندیدار بوو بە ژمارەیەك وڵاتی دیاریكراو كە سەرجەمیان لە جیهانی رۆژئاوادان.

ئەمجارە، پاش تێكەڵكردنی زۆرێك زانیاریی دیكە، ئامادەكارانی توێژینەوەكە لە پوختەی كارەكەیاندا ئاماژە بەوەدەكەن كە دۆخەكە ئەمریكای باشوور، ئاسیا و ئەفریقاش دەگرێتەوە.

روونیشیدەكەنەوە، “بەپێی زانیارییەكانی بەردەست ئەم پاشەكشە جیهانییە بە رەوتێكی خێرا بەردەوام بووە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمەوە”.

بڕی سپێرم بە هۆكارە كاریگەرەكانی پیتاندن دادەنرێت، بەڵام تاكە هۆكار نییە، بەڵكو جوڵەی سپێرمەكان بەهەمان شێوە رۆڵی گرنگیان هەیە، ئەمەش ئەو هۆكارەیە كە لەم توێژینەوەیەدا پێوانە نەكراوە.

هۆكاری ئەم دۆخە بەپێی وتەی چانا جایاسینا، پزیشكی پسپۆڕ دەگەڕێتەوە بۆ “هۆكارگەلی وەك قەڵەوی، كەمی چالاكی و جموجوڵی جەستە، ژەهراویبوون و بەركەوتن بە ماددە كیمیاییەكان لە ژینگەدا”.

شارەزاكەی (ئیمپریال كۆلدج) كە بەشداربووی توێژینەوەكە نییە، بەڵكو بۆ ناوەندی راگەیاندنی زانستیی بەریتانی دواوە و توێژینەوە نوێیەكەی بە “گرنگ” ناوبردووە.

بابەتی پێشتر

سۆران عومەر: مەنسوڕ بارزانی نەوتی كێڵگەیەك دەبات و دەیفرۆشێت

بابەتی دواتر

بارانبارین رێگای سەرەكی گەرمیان-سلێمانی دادەخات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share