ئەوروپا گڵۆپی سەوزی بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینێكی دژ بە ئاوڵەی مەیمون هەڵكرد

گڵۆپی سەوز لە برۆكسل-ەوە هەڵكرا پاش ئەوەی دەستەی دەرمانی ئەوروپا (EMA) ڕەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی ئیمڤانێكس (Imvanex) دژ بە ئاوڵەی مەیمون دا.

كۆمسیۆنی ئەوروپا ڕەزامەندیدا لەسەر بەرفراوانكردنی بەكارهێنانی ڤاكسینەی كۆمەڵەی دەرمانی دانیماركی باڤاریان نۆردیك Bavarian Nordic دژ بە ئاوڵەی مەیمون، وەك ئەوەی ئەمڕۆ كۆمپانیاكە بڵاویكردەوە.

ڤاكسینەكە لە ساڵی 2013ەوە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە پشتی پێدەبەسترێت دژ بە ئاوڵەی ئاسایی.

ڕەزامەندییەكە لەكاتێكدایە دوێنێ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دواجار بڕیاریی یەکلایی لەبارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونەوە دا و سەرۆکی ڕێکخراوەكە باری لەناکاوی جیهانی ڕاگەیاند.

ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 16 هەزار تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراوە، نەخۆشییەکە لە 74 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە، مەترسییەکان زیاتر بۆ بڵاوبوونەوەی لە دەرەوەی نیشتمانی ڤایرۆسەکە کە وڵاتانی ئەفریقایە دەگەڕێتەوە.

لەو بارەیەوە تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرا و بەرفراوانی ئاوڵەی مەیموون، بووەتە باری لەناکاوی تەندروستی لە جیهاندا، ڕێکخراوەکەش هۆشدارییەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.

تیدرۆس ئاشکرایکرد، هەرچەندە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو لە جیهاندا دەبێتە هۆی نیگەرانی و شڵەژاوی لە جیهاندا، بەڵام ئێستا نەخۆشییەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا و لەناو هاوڕەگەزخوازاندا.

مەبەستی ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیاندنی “باری لەناکاوی تەندروستی لە جیهاندا” هەماهەنگیی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون کە ئێستا بووەتە مەترسی لەسەر جیهان، هەروەها زەنگێکی مەترسییە بۆ جیهان لە بڵاوبوونەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی ئەگەر هەماهەنگی لە چارسەر و ڤاکسینەکانی نەخۆشییەکەدا نەکرێت لەنێوان وڵاتاندا.

بابەتی پێشتر

ئێران لە بن سەلمان نزیكدەبێتەوە و ستایشی هەوڵەكانی دەكات

بابەتی دواتر

چێڵسی تۆڵەی کوندی لە بەرشلۆنە دەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share